عێراق: بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ سزادانی فەیاز قبوڵكراو نییە
  2021-01-09       444       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بە بڕیارەكەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیدا، دەردەبڕێت و دەشڵێت، بڕیارەكە قبوڵكراو نییە.

ئاوێنە: دوێنێ هەینی، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا، به‌تۆمه‌تی پێشێلكردنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ‌و سه‌ركوتكردن‌و كوشتنی خۆپیشانده‌ران له‌ساڵی 2019، سزای به‌سه‌ر فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شەعبیدا سه‌پاندو لە راگەیەندراوێكدا وتی، فه‌یاز ئه‌ندامی شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی عێراق بوه‌ له‌و كاته‌دا، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌و شانه‌یه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بون به‌پشتیوانی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌سوپای پاسدارانی ئێران‌و به‌شێك بون‌ له‌بڕیارده‌رانی ئه‌و سه‌ركوتكارییانه‌و ده‌ستێكی باڵایان له‌ كوشتنی خۆپیشانده‌راندا هه‌بوه.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرسوڕمانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەبڕیارەكەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا دژ بە فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی كردۆتەوە كە "بڕیارەكە شتێكی كتوپڕەو قبوڵكراو نییە."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە لەگەڵ ئیدارەی ئێستاو ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەوردی چاودێری سەرجەم ئەو بڕیارانەی وەزارەتی خەزێنەی وڵاتەكە دەكەن دژ بە كەسایەتییە عێراقییەكان و كاردەكەن بۆ چارەسەركردنی لێكەوتەكانی ئەو بڕیارانە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×