عێراق؛ 14 توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا كە شەشیان لە هەرێمی كوردستان بون
  2021-01-10       436       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 14 توشبوی كۆرۆنا لە سەرتاسەری وڵات گیانیان لەدەستداوە كە شەشیان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 30 هەزار و 794 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان 607 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 752 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 14 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە شەشیان لەسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 602 هەزار و 938 كەس و لەوانە 12 هەزارو 895 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 556 هەزارو 742 كەسیان چاكبونەتەوەو 33 هەزارو 301 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 123 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×