رونكردنەوەیەك لەبارەی دەرمانی شەكرە
  2021-01-12       493       
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەكی لەبارەی دەرمانی “میتفۆڕمین”ی تایبەت بە تووشبووانی شەكرە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەگەر ماددەی (NDMA) سەروی رێژەی پەسەندكراو لەناو ئەو دەرمانەدا هەبێت لەوانەیە ببێتە هۆكاری شێرپەنجە.

بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردووەتەوە “دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمریكی (FDA) هۆشیاری دەداتە نەخۆش و پسپۆڕانی تەندروستی لە هەبوونی ماددەی (NDMA) سەرووی رێژەی پەسەندكراو لەناو دەرمانی (Metformin) كە لەوانەیە ببێتە هۆكاری شێرپەنجە”.

بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت: ئەم ئاگاداركردنەوەیە تەنیا بۆ جۆرێكی شێوەی دەرمانسازی (dosage form)ـی دەرمانی مێتفورمین‌یە كە پێی دەگووترێت (extended release) و هۆشدارییەكە تایبەتە بە دەرمانی مێتفورمینی چەند كارگەیەكی بەرهەمهێنان، بەڵام هەمان دەرمان لە جۆری شێوەی دەرمانسازی (immediate release) ماددەی شێرپەنجەیی (NDMA) تێدا دەرنەكەوتووە كە باوترین جۆری شێوەی دەرمانسازی دەرمانی مێتفورمینە كە بەكاردێت.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەم جۆرەی دەرمانی مێتفورمینە رانەگرن و بەردەوامبن لەسەر بەكارهێنانی تاكو پزیشكی پسپۆڕ یان دەرمانسازی پسپۆڕ جێگرەوەی دەرمانەكەیان بۆ دیاریدەكات، چونكە جێگای مەترسییە بۆ نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم (type 2 diabetes) دەرمانەكە رابگرێت پێش ئەوەی راوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ بكات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×