2021-01-12   1077     
شەوی ڕابردوو تەرمی مێردمنداڵێک لە ناحیەی سەنگەسەر دۆزراوەتەوە کە لە جێگەی باوکی بۆ پاسەوانیی ڕۆشتووەتە کۆمپانیایەکی دروستکردنی قیر.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێک پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، ” شەوی ڕابردوو کاتژمێر 7:00 تەرمی گەنجێک بەناوی (م . ح . ش ) تەمەن 17 ساڵان، پیشەی خوێندکار، دانیستووی گوندی (دوگۆمان) سەر بەناحیەی سەنگەسەر ـ قەزای پشدەر (قەڵادزێ) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی، پاش توێکاری بۆ لاشەکەی دەرکەوت شوێنەواری یەک فیشەکی چەکی جۆری کڵاشینکۆف بەسەریەوە هەیە کە بەگوێرەی زانیارییە سەرەتایەکان پێدەچێ ڕووداوەکە خۆکوژی بوبێت”..
پۆلیس ئاشکرایکردووە، ” پاش ئاگادارکردنەوەی هێزەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و دوای توێکاری بۆ لاشەکەی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاساییی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەکی بەکار هاتوو”.
بەوتەی باوکی ئەو مێردمنداڵە، ئەوان چەند ساڵێکە لە گوندی بانوەقەل حەرەسی کۆمپانیایەکی قیرن، کوڕەکەشی لەبری ئەو چۆتە کۆمپانیاکە، بەڵام ئاگاداریان کردووە کە کوڕەکەی گیانی لەدەستداوە.