ئینستیوتی پەی: پەڕلەمانی كوردستان لەساڵێكدا تەنها 5 یاسای پەسەند كردووە
  2021-01-12       538       
بەپێی دواین ڕاپۆرتی ئینستیوتی پەی، پەڕلەمانی كوردستان لەخولی پایزەدا تەنها ٢ یاسای پەسەندكردووە و لەماوەی یەكساڵیشدا ٥ یاسا، لەكاتێكدا لەپەڕلەمانی عیراق ٣١ یاسا پەسەندكراوە.

ئاوێنە: سەروەر عەبدولرەحمان، سەرپەرشتیاری پڕۆژە لە ئینستیوتی پەی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پەڕلەمان لەخولی پایزە واتە لە ١ی ئەیلول بۆ ٣١ی كانونی یەكەمی ٢٠٢٠ ،١١ دانیشتنی ئەنجامداوە و ۳ كۆبوونەوەش دواخراوە.

وتیشی، سەرجەمی بڕگەی بەرنامەی كاریش بریتی بووە لە ٢٥ بڕگە و ٢١ بڕگەیان جێبەجێ كراوە، كە ٥ پێشنیازە یاسا وبڕیار خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوە، تەنها ٢ یاسای پەسندكردوە و لەماوەی یەكساڵیشیدا ٥ یاسا، لەكاتێكدا لەپەڕلەمانی عیراق ٣١ یاسا پەسەندكراوە.

دەشڵێت، ۹ ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران داواكراون بێنە پەڕلەمان تەنها ٦ ئەندام هاتوون لەكۆی ٩٦ كۆبوونەوەی لیژنەكانیش تەنها ۲ ڕاپۆرت لەسەرپڕۆژە یاساكان نوسراوە لەكاتێكدا پێویست بوو لەسەر ٨ پڕۆژە یاسا ڕاپۆرت بنوسرێ، لەهەمان كاتدا نازانرێ چەند پرسیار ئاڕاستەی حكومەت كراوە و چەندی وەڵام نەدراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پەڕلەمان لەجێگای ئەوەی ببێتە هەوێنی چارەسەری كێشە و ململانێكان كەچی بۆتە بەشێك لەململانێكان و لەماوەی ساڵی ٢٠١٤ەوە تائێستاش نە پڕۆژە یاسای بوودجە و نە ئەژمێری كۆتایی ساڵانە ڕەوانەی پەڕلەمان نەكراوە.

وەك لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە پەڕلەمان بەدرێژایی ساڵی 2020 تەنها (16) دانیشتنی ئەنجامداوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو پێویست بوو لەو ماوەیەدا كە دوو خولی گرێدانی (پایزە) و (بەهارە) لەخۆدەگرێت، (70) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، ئەمە جگە لە كۆبوونەوەی نائاسایی كە لەكاتی پشووەكاندا دەكرێت و تەنها (59) كاتژمێر كۆبۆتەوە.

ڕونیشی كردەوە، لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنها خوێندنەوەی بۆ (9) پرۆژە یاسا كردووە، سەرباری ئەو كێشەو گرفتانەی هەن،سەرباری بوونی كەلێنی یاسایی لەهەرێمی كوردستاندا، ژمارەیەكی كەم پرۆژە یاساو بڕیار خوێندنەوەیان بۆ كراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×