مه‌سرور بارزانی‌: دەبێت دەسەڵاتی فیدراڵی ماف‌و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات
  2021-01-12       716       
مه‌سرور بارزانی
مەسرور بارزانی ده‌ڵێت، هەرێم هەموو ئەرکە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف‌و شایستە داراییەکانی هەرێم لەچوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابین بکات.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

‎به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ حكومه‌ت، لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازیی کراوه‌.

‎هەریەک لەوەزیرانی دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب و پلاندان دارا ڕەشید ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و  ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم هەمو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لەپێناو رێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و رێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لەبودجەی گشتی، بۆئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی رۆتین لە راییکردنی مامەڵە داراییەکان. 

جەختیشی لەوەشکردەوە کە پێویستە لەئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم . 

‎سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی،  هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەچوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابین بکات.

لەتەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون  عەبدولحەکیم خسرۆ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئابووری خستۆتەڕو.

بڕیارە دەرئەنجامی کۆبونەوەکە سەبارەت بەھێڵە گشتیەکانی ڕەشنوسی بودجەی ھەرێم، سبەی لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتەڕو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×