2021-01-12   783     
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەبەڵگه پەیوەندی "توندوتۆڵ" لەنێوان ئێرانو رێکخراوی ئەلقاعیدە ئاشكرا دهكاتو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش سزا بەسەر پێنج کەسایەتیدا دهسهپێنێت کە سیانیان سەربەرێکخراوێکی کوردین.
ئاوێنه: مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لهیانهی راگهیاندنی نیشتیمانی لهواشنتن ناوەڕۆکی نامەیەکی ئوسامە بن لادن، سهركردهی كوژراوی رێكخراوی ئەلقاعیدەی بڵاوكردهوه کە پەیوەندی نێوان ئهو رێكخراوهو ئێران دەسەلمێنێت و بن لادن لەنامەکەیدا داوا لەئەندامانی رێکخراوەکەی دەکاتو دەڵیت، "ئێران سەرچاوەی دارایی و پاڵپشتی ئێمەیەو بەھیچ شێوەیەك شەڕی ئەو وڵاتەکە نەکەن."
پۆمپێیۆ دوپاتیكردهوه، "ئەلقاعیدە ئێستا خانەخوێو بنکەیەکی نوێی ھەیە، ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێرانە".
وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا ئاشكراشیكرد، "بهر له هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر بەرپرسانی ئێران پاسەوانانی سنوری وڵاتەکەیان ئاگادار کردبونەوە، بەھیچ شێوەیەك داوای پاسپۆرت لەئەندامانی ئەلقاعیدە نەکەن لە ھیچ شوێنێك".
لهلایهكی دیكهوه وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه كه سزایان بەسەر پێنج کەسایەتیدا سەپاندوە کە دوانیان سەرکردەی باڵای ئەلقاعیدەنو سیانەکەی دیکە سەربەرێکخراوێکی "تیرۆرستی کوردییە" بەناوی رێکخراوی کەتائیبی کوردی.
بهپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو کەسایەتییانەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەبوە، هەریەکەشیان لەسەر ئاستی جیهان وەک "تیرۆرست" ناسراون.
لهراگەیەنراوەکەدا هاتووه، سزا بەسەر هەریەک لەئاباتای محمد بەرەگەز مەغریبیەو لەئێران نیشتەجێدەبێت، ئەحمەد ئیسماعیل فوئاددا سەپاندوە کە هاوڵاتییەکی بەرەگەز عێراقییەو لەئێران نیشتەجێدەبێت.
ئەوەشی ئاشکراکردووه، سزایان بەسەر سوڵتان یوسف حەسەندا سەپاندوە کە بەڕەگەز سعودییەو بەردەوام لەنێوان ئێران و ئەفغانستاندا هاتوچۆدەکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دهڵێت، ئەمریکا سزای بەسەر هەریەک لەشەریف نیعمەت حەمەو رەحیم حەمەدا سەپاندوە کە هاوڵاتی عێراقین و لەئێران نیشتەجێن.