2021-01-13   426     
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ ئاشكرایكرد، ئێران رێگەی بە رێکخراوی تیرۆریستی ئهلقاعیدە داوە ناوەندی ئۆپەراسیۆنی نوێ لەناو ئێران دابمەزرێنن و ناوی پێنج سەردەستەی ئهلقاعیدەیان لە ئێران خستووەتە لیستی تیرۆری جیھانییەوە.
ئاوێنه: مایك پۆمپیۆ لە راگهیهنراوێكدا لهوبارهیهوه، ئاشكرایكرد ھەریەک لە عەبدولڕەحمان مەغریبی کە بە محەمەد عاباتایش ناسراوە، سوڵتان یوسف حەسەن ئەلعەریف لەگەڵ ئەو سەردەستانەی کە لە سنووری ئێران-عێراق چالاکی ئەنجامدەدەن و لە کەتیبەی ئهلقاعیدەی کورددان ئیسماعیل فوئاد رەسول، نیعمەت حەمە رەحیم شەریفی و فوئاد ئەحمەد نوری عەلی ئەلشاھان، کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزا ئابوورییەکانەوە، ناویان خراوهته لیستی تایبەتی تیرۆری جیھانی.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشكرد کە لە چوارچێوەی ئەم سزایانەدا مامەڵەی ھاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو کەسانەدا قەدەغەکراوە و رایگهیاند: "وەزارەتی دەرەوە لە چوارچێوەی پرۆگرامی خەڵات بۆ دادپەروەری، بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات داناوە بۆ ئەو کەسەی کە شوێن و ناسنامەی عەبدولڕەحمان مەغریبی کە گرنگترین سەردەستەی ئهلقاعیدەیه لە ئێران دەستنیشان دەکات".
مایك پۆمپیۆ باسی لەوەکرد کە ئیدارەی تاران بۆ خۆنیشاندان سنووردارکردنی توندی خستووەتە سەر ئەندامانی ئهلقاعیدە لە ئێران و رایگەیاند ئیدارەکانی ئەمریکا باوەڕ بەوە ناکەن کە فەرمانی زۆربەی ھێرشەکانی ئهلقاعیدە لە ئێرانەوە دێت بەڵام، ئەوە راستییە.