سه‌ركرده‌یه‌كی ڕۆژئاوای کوردستان: هێزەکانی ڕۆژ پێشمەرگە نین، بەڵکو بەکرێگیراوی تورکیان
  2021-01-13       1273       

سه‌ركرده‌یه‌كى دیارى ڕۆژئاواى كوردستان هێزى پێشمه‌رگه‌ى ڕۆژ به‌ به‌كرێگیراوى توركیا ناوده‌بات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و هێزه‌ له‌داهاتوى ڕۆژئاوادا هیچ ڕۆڵێكى نابێت"، ده‌شڵێت:"پارتەکانی ناو ئه‌نه‌كه‌ بڕیاریانداوە بێنە ناو ئیدارەی خۆسەرو بەشداری لەئیدارەدانیدا بکەن، بەڵام ئەنەکەسە داواى نیوەی ئیدارەو پۆستەکانی ناو ئیدارەكه‌ش ده‌كات".

ئاوێنه‌: ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات (تەڤدەم)‌و هاوكات یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "یەنی ئۆزگور پۆلۆتیکا"، لەبارەی دانوستانەکانی نێوان لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا بۆ دروستکردنی لێڤەگەڕێکی سیاسیی‌و چارەنوسی هێزەکانی ڕۆژ لێدوانیداوە.

لەبارەی دانوستانەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان، ئاڵدار خەلیل باسی لەوەکردوە، ئەوان ڕێککەوتون لێڤەگەڕێکی سیاسیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دروستبکرێت، بەڵام پارتەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردی، داواکاری ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی (ENEKS)یان بۆ گۆڕینی سسیتەمی تایبەت بەئیدارەی خۆسەریان ڕەتکردۆتەوە بەوپێیەی لەسەر خواست‌و ویستی پێکهاتەکانی ناوچەکە بونیادنراوە.

خەلیل ئاشکرایکردوە، پارتەکانی ناو ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا بڕیاریانداوە بێنە ناو ئیدارەی خۆسەرو بەشداری لەئیدارەدانیدا بکەن، کە ئەوە جێگای پێشوازی ئەوان بوە، بەڵام داواکاری ئەنەکەسە بۆ وەرگرتنی نیوەی ئیدارەو پۆستەکانی ناو ئیدارەی خۆسەر بێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاستەنگی بۆ گفتوگۆکان دروستکردوە.

هاوسەرۆکی پەیەدە سەبارەت بەپرسی پێشمەرگەی ڕۆژو چۆنێتی چارەسەرکردنی لەچوارچێوەی دانوستانەکانی لایەنە کوردییەکاندا وتویەتی:"هێزەکانی ڕۆژ پێشمەرگە نین، بەڵکو بەکرێگیراوی دەوڵەتی تورکیان‌و لەقەندیل‌و شنگال لەدژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان شەڕیان کردوە، هەربۆیە ئەو هێزە سەربازییە هیچ ڕۆڵێکیان له‌داهاتوی بواری سەربازیی ڕۆژئاوای کوردستاندا نابێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×