2021-01-13   534     
لانیکەم پێنج سەربازی ڕژێمی سوریا و ١١ چەکداری ئێرانی لە بۆردومانی ئاسمانی ئەم بەیانییەی ئیسرائیلدا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سنوور ی عێراق کوژران.
ئاوێنە: ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسرائیل ١٨ جار بۆردومانی کۆگایەکی چەک و پێگەیەکی سەربازییان کردووە لە دێرەزوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سنووری عێراق لە ناوچەی ئەلبوکەمال.
بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەکە، لەو هێرشانەدا لانیکەم ١٦ چەکدار و سەرباز کوژراون کە ١١یان سەر بە میلیشیا ئێرانیەکان بوون، هەروەها بە تەواوی چەند کۆگایەکی چەکیان وێران کردووە کە سەر بە سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی و فاتمیە بووە.
ئاژانسی هەواڵی سانا هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، هێرشەکان لە دەوروبەری کاتژمێر ١:١٠ خوولەکدا ئەنجامدراون، بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵیەکانیش، ئیسرائیل لە ٢٠٢٠دا نزیکەی ٥٠ ئامانجی لە سوریا بۆردومان کردووە