کۆنسوڵی ئەمریکا: رۆڵمان ھەبووە لە نزیککردنەوە و هاوئاهەنگیکردنی نێوان یەکێتی و پارتی
  2021-01-13       463       
کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر لە دیبەیتێکی ئۆنلایندا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوە و هاوئاهەنگیکردنی نێوان هەردوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی و وتیشی:"ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ئەو رۆڵە".

ئاوێنە: لەمیانی بەشداریکردنی لە دیبەیتێكی ئۆنڵاینی پەیمانگەی واشنتن تایبەت بە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، رۆب وۆلەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، ئەمریکا رۆڵێكی کارای گێڕا لە نزیککردن و زیاترکردنی هاوئاهەنگییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نەک تەنیا لە بواری پەرەپێدانی کەرتی غاز و سەرچاوەکانی وزە، بەڵکو لە نزیککردنەوەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وۆلەر رایگەیاند، بەرەوپێشچوونێك لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گۆڕان هەیە، خواستێكی بەهێزیش هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك کە خزمەت نەک تەنیا بەو دوو پارتە بگەیەنێت بەڵکو بە هەموو کوردستان، گوتیشی: "ئەمریکا لە پشت پەردەوە بەردەوامدەبێت لە گێڕانی رۆڵی ئەرێنی لە نزیککردن و پێکەوەکارکردنی نێوان هەردوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان و پارتەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە".

وۆلەر راشیگەیاند، مێژووی چەند دەیەی رابردوو ئەو راستییەی سەلماندووە کە هەر کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکدی نزیکبووبن کاریگەریی بەهێزتریان هەبووە و دەرهاوێشتەی ئەرێنی ئەو لەیەکنزیکبوونەوە لەسەر کوردستان جێهێشتووە، بەڵام بە گوتەی وۆلەر هەر کاتێک پارتی و یەکێتی ناکۆکبووبن ئەوا کاریگەریی سیاسییان بەتایبەتی لە ئاست حکومەتی فیدراڵیی عێراق کەمتر بووە.

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگی رێکخستنی دیبەتی ئۆنلاین تایبەت بە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، سازدانی ئەمجۆرە دیبەیتانە رێگە بە بازرگان و وەبەرهێنەرانی کەرتی وزەی ئەمریکا دەدات بەباشی لە دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی کارکردن لە هەرێمی کوردستان تێبگەن.

رۆب وۆلەر راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان یەدەگی گەورەی سەلمێندراوی نەوتی هەیە کە زیاتر لە 45 ملیار بەرمیلە، هەروەها ترلیۆنان مەتر سێجا لە غازی سرووشتی هەیە، ئەو دوو سامانە لەنێو هەرێمێک کە ژمارەی دانیشتووانی لە سەرووی 5 ملیۆن کەسن، وای لێدەکات ببێتە شوێنێكی یەکجار ئەرێنی و بەسوود بۆ کارکردن و وەبەرهێنان.

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، پەیامی ئێمە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئەوە بووە هەتا ئەوان کاری زیاتر بۆ لەبارخستنی ژینگەیەکی ئەرێنیی دادوەرانە بۆ کار و بازرگانی بکەن، هەتا وەبەرهێنانی زیاتر روو دەکاتە هەرێمەکەیان.

رۆب وۆلەر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەنگاوانەی کە لە ئاست کۆمپانیاکانی ئەمریکای ناون و بوونەهۆی سەرکەوتنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "بەگەڕخستنی سەرچاوەی زیاتری غاز، توانای وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن و بەوەش کێشەی کارەبا تاوەکو رادەیەکی زۆر چارەسەر دەبێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×