بەخێوكاری قوتابیانی پۆلی 12 سەرپشك دەكرێن لەهەڵبژاردنی شێوازی خوێندنی منداڵەكانیان
  2021-01-13       452       

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەخێوكاری خوێندكارانی 12ی ئامادەیی سەرپشكن لەوە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن منداڵەكانیان لەناو پۆلی قوتابخانەكاندا بخوێنن یاخود بەشێوەی ئۆنلاین بۆ ئەو مەبەستەش فۆرمێك بە بەخێوكاری خوێندكاران پڕدەكرێتەوە.

ئاوێنە: دوای ئەوەی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا رۆژی شەممەی داهاتو دەست بە خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی بكرێتەوە، كەمێك لەمەوبەر وەزارەتی پەروەردە راگەیەندراوێكی لەبارەی شێوازی دەستپێكردنەوەی خوێندن بڵاوكردەوە.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەداوە كە  لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایان تەنها ئەو کاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە.

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو،  لە رۆژی شەممە ١٦ی ١ تا ماوەی یەک هەفتە، ئەو بژاردەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردوەو لە قوتابخانەکان پڕدەکرێتەوە، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.

دەقی راگەیەندراوەكە....

راگەیەندراوێک لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە : 

پاش کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ، ١٣ ی ١ی ٢٠٢١  ی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان: لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ، بریاردرا : 

١-  رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانیەوە ، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە. 

٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت. رۆژ و کاتی  تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بلاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت. 

٣- لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەو کاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە ، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە . 

٤- لە رۆژی شەممە ١٦ ی ١ تا ماوەی یەک هەفتە، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردوەو لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێتەوە، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات. 

٥- رێنماییە خۆپارێزییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێدەکرێت و پێگیریی بە رێنماییەکان زامنکاری بەردەوام بوونی خوێندنە ، بۆ ئەومەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن ، کە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتووە ، هەماهەنگی دەکەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەکە.

٦- لەڕووی پرەنسیپەوە ، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی ١ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی و پەیمانگاکان، حکومی و ناحکومی،  کە لە ١ ی ٣ی ٢٠٢١  دەستپێبکات، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە(بۆ قۆناغەکانی ١ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی) بە گوێرەی بڵاوبونەوە و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نوسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات. 

  پارێزراو تەندروست ساغبن.

راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە 
           ١٣ ی ١ ی ٢٠٢١


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×