بە بەهاى 6.5 ملیۆن دۆلار پرۆژەی ئاو بۆ سلێمانى و هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت
  2021-01-14       465       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، بە بەهاى (6.5) ملیۆن دۆلار پرۆژەی ئاوى خواردنەوە بۆ سلێمانى و هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت ئەوەش لەسەر قەرزی درێژخانەیەنی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێوڕەسمێکدا کە لە مۆنۆمێنتى هەڵەبجە بە ئامادەبونى پارێزگارى سلێمانى و هەڵەبجە بەڕێوەچو، وەزارەتى شارەوانى قۆناغێكی دیکەى گرێبەستی پرۆژەی باشکردنی ئاوی خواردنەوەى بۆ هەردو پارێزگاکە بە بڕی شەش ملیۆن و (500) هەزار دۆلار لەسەر قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی واژۆکرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ لەسەر قەرزی درێژخایەنی جایكا واژۆ دەكرێت، بڕی چوار ملیۆن و (750) هەزار دۆلاری بۆ سلێمانی بۆ نۆژەنكردنەوەی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاوە لە تاسلوجەوە بۆ سلێمانی و بڕی یەك ملیۆن و (750) هەزار دۆلاریشی بۆ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی چەند گەڕەكێكی ناو شارە و ئاوەڕۆی لولەیی بۆ ئاوەشۆڕكردنی پاشماوەی وێستگەی ئاوی هەڵەبجە.

عەونى، لەبارەى خزمەتکردنى زیاترى هەڵەبجەوە وتى: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پلانیدا، ماستەرپلانی هەڵەبجە و كۆمەڵێك پرۆژەی دیکەی ستراتیژی لە هەمو سێكتەرەكان خستوەتە ناو بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم وەك پرۆژەی شەقامی (60)مەتری و هێڵەكانی كە پێوەی دەبەسترێنەوە، هەروەها شۆستە و قیرتاوكردنی گەڕەكەكان و چەندان پرۆژەی دیکەی گەشتوگوزار، كە كۆی پرۆژە پێشنیازكراوەكان بەهاکەیان دەكاتە (207) ملیۆن دۆلار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×