وەزارەتی پەروەردە كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی دیاریكرد
  2021-01-14       939       

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەند نوسراوێكی سەبارەت بە وردەکاریی پلانی پەسەندکراوی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بڵاوكردەوە كە كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانیش لەخۆدەگرێت.

ئاوێنە: لە یەكێك لە نوسراوەكانی وەزارەتەكەدا، وێڕای دەستپێكردنەوەی دەوام، كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی، قۆناغی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی و خوێندنی ئیسلامی، قوتابخانە ناحكومییەكان و هەروەها پەیمانگا حكومی حكومی و ناحكومییەكانی خستۆتەڕو.

بەپێی نوسراوەكە قۆناغی 12ی ئامادەیی تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە 29-3-2021 دەکەن.

 لەبارەی قۆناغەکانی 1ی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردە ئەوەی خستۆتەڕو، ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام نەدرا ئەوا لە 5-6-2021 دەکرێت، بەپێچەوانەوە لە 12-6-2021 دەکرێت.

بەگوێرەی نوسراوەكە دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی ئیسلامیش بەهەمانشێوەی قۆناغەکانی 1ی بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی دەبێت.

لەبارەی دەستپێکی دەوامی قوتابخانە ناحکومییەکان، ئەوانەی بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە کار دەکەن، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، قۆناغەکانی یەک و دوی بنەڕەتی لە 1ـی ئازار دەست بە خوێندن دەکەن و تاوەکو رێککەوتی 1-8-2021 بەردەوام دەبن بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵی خوێندن.

لەبارەی دەوامی پەیمانگەکان، تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەمی خوێندن لە 5-6-2021 دەستپێدەکات و 16-6-2021 کۆتایی دێت. ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەکاتی خۆیدا کرا، ئەوا لە 12-6 دەستپێدەکات و لە 23-6 کۆتایی دێت.

بەپێی نوسراوێکی دیکەی وەزارەتی پەروەردە، بەڵێننامەیەك بە بەخێوکەری قوتابیان پڕدەکرێتەوە بەوەی لەنێو پۆلەکانی خوێندن دەوام بکەن یان بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین. ئەگەر قوتابی بە ئەلیکترۆنی و ئۆنلاینیش بخوێنێت، تاقیکردنەوەکانی هەر لەنێو پۆلدا دەکات.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×