راگەیەندراوی سەرۆكایەتییەكانی عێراق باس لە دواخستنی هەڵبژاردن ناكات
  2021-01-14       280       

هەرچەندە دەنگۆی دواخستنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئارادایە، بەڵام راگەیەندراوی كۆبونەوەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق كە كەمێك لەمەوبەر بڵاوكرایەوە هیچ ئاماژەیەك بە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكە ناكات كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكایەتییەكانی عێراق، لە كۆشكی بەغدا، بە بەشداریی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە كە تێیدا میوانداری سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، بەڕێوەچوە، تاوتوێی دۆسیەی هەڵبژاردنی پێشوەختی داهاتو كراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان خشتەی كارە تەكنیكییەكان و وادەی زەمەنی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و پابەندبونی بە هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەر و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی تۆماری بایۆمەتری تەواوی دەنگدەران و هەماهەنگی بۆ زامنكردنی چاودێرییەكی نێودەوڵەتی چالاك، خستۆتەڕو.

هەروەك كۆمسیۆن جەختی كردۆتەوە كە كاتی تەواو دەدات بۆ كاندید و هاوپەیمانییە سیاسییەكان و هێزە سیاسییە نوێكان و گەنجان بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی تۆماریی یاسایی و پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان.

هەروەك بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، كۆبونەوەكە جەختی كردۆتەوە لەسەر پێشكەشكردنی پشیتوانی تەواوەتی بۆ كۆمسیۆن بەهێنانەدی تەواوی پێداویستییە دەستوری و یاسایییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەتایبەت پێویستی دەركردنی یاسای دادگای فیدراڵی لەلایەن پەرلەمانەوەو هەروەها جێبەجێكردنی ماددەی 64ی دەستوری تایبەت بە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، وەك زەمینەخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەواڵی ئەوە هەیە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان داوای كردبێت كە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دوای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوابخرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×