فراكسیۆنی یەكگرتو: شكۆی پەرلەمان بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر كلیپێك ناپارێزرێت
  2021-01-14       579       

فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاند، پاراستنی شكۆی پەرلەمان بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر كلیپێك نابێت به‌ڵكو چه‌ندین بابه‌ت هه‌یه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر هه‌بێت تا شكۆی پارێزراو بێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە بیانوی شكاندنی شكۆی پەرلەمان سكاڵای یاساییان لەسەر هەردو هونەرمەندی دەڤەری بادینان هەڵگورد قەهار و شیرین محەمەد تۆماركرد كە لە ماوەی رابردودا كلیپێكی رەخنەئامێزیان لەسەر پەرلەمان بڵاوكردبوەوە.

لەو بارەوەیە فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی  لە راگەیەندراوێكدا وتی: ئێمە پاراستنی شكۆی پەرلەمان لە جوڵاندنی سكاڵایەكدا نابینینەوە كە دژی كلیپێكی رەخنەئامێز تۆماركراوە، بەڵكو ئه‌گەر سەرۆكایەتی پەرلەمان سورە لەسەر پاراستنی شكۆی ئەو دەزگایە، ئەوا پێویستە سەرقاڵ بێت بە خەمەكانی گەل و نیشتیمان و هەوڵی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان و سنورداركردنی پێشێلكارییە نایاساییەكانی ئەنجومەنی وەزیران.

جەختیشی كردۆتەوە كە "شكۆی پەرلەمان بەوە دەگەڕێتەوە كە پەرلەمان هەڵوێستی هەبێت لەسەر دواخستن و لێبڕینی موچە، شكۆی پەرلەمان بە شەفافكردنی سێكتەری نەوت و كۆتاییهێنان بە قاچاخچیەتی سنورەكان دەگەڕێتەوە، هەروەها پەرلەمان دەبێت لە خەمی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان بێت و رێگەنەدات خۆراكی ماوە بەسەرچو و دەرمانی بێكەڵك بهێندرێتە ناو هەرێمەوە. پێویستە پەرلەمان لە خەمی كەركوك و ناوچە دابراوەكان بێت ئەو كات شكۆی په‌رله‌مان پارێزراو دەبێت."

فراكسیۆنی یەكگرتو بەپێویستی دەزانێت "پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكەی بۆ پاراستنی شكۆی دەزگاكە خەم لە یاسای بودجە و بەنیشتیمانیكردنی هێزە چەكدارەكان بخۆن كە چەندین ساڵە دەسەڵات موهاتەراتی پێ دەكات، پێویستە پەرلەمان خەمی  لە پاراستنی شكۆی هەرێم بخواردایە لە ئاست سەركێشیەكانی حكومەتی هەرێم و بێباكی حكومەتی عێراق نەك جوڵاندنی سكاڵا لەسەر كلیپێك و سنورداركردنی مافی ئازادی رادەربڕین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×