وەزیری نەوتی عێراق: تێچوی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت لەهەرێم دەگاتە 20 دۆلار
  2021-01-15       971       

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، تێچوی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی هەرێم دەگاتە 20 دۆلار، دەشڵێت: یەكلاییكردنەوەی بابەتی نەوتی هەرێم پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە.

ئاوێنە: ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رەسمی، پێشبینی كرد نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان لە 55 دۆلاردا جێگیرببێت.

ئەوەشی خستەڕو، نەوتی بەسرە بە بەرزترین نرخ دەفرۆشرێت و نەوتی عێراقیش بەگشتی  بەرزترین نرخی هەیە لە ئاسیا.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە هەرێمی كوردستان پابەندنییە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەچوارچێوەی ئەو پشكەی دەكەوێتە سەر عێراق بەگوێرەی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس.

بەقسەی وەزیری نەوتی عێراق، تێچوی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان دەگاتە 20 دۆلار و وتیشی"ئیدارەدانی سامانی نەوت لە هەرێم ناچێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتییەوە."

جەختیشی كردەوە كە دەبێت بڕیارێكی سیاسی هەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی نەوتی هەرێمی كوردستان.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×