هەولێر..لەسەر نەمانی "سەروپێ" تەقە لە چەند چێشتخانەیەك دەكرێت
  2021-01-15       746       

پاش ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەشاری هەولێر، چەند كەسێك دەچنە سەروپێخانەیەكەوەو خاوەنی چێشتخانەکەش پێیان دەڵێت، خواردن نەماوە، گرژی دروستدەکەن و دەستڕێژی گوللـە لەو سەروپێخانەیەو دو چێشتخانەی دیكەی شوێنەكە دەكەن.

ئاوێنە: بەوتەی خاوەنی چێشتخانەکە(سەروپێخانە) كە بۆ ئێن ئاڕ تی قسەی كردوە، پاش ئەوەی نزیک کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەند سەردانكەرێک دەچنە چێشتخانەكەی بەمەبستی نانخواردن، پێیان وتراوە كە خواردن تەواو بوە، ئەوانیش گرژی دروستدەکەن و لەگەڵ شاگردەكانی چێشتخانەکەدا دەیکەن بە دەمەقاڵێ و شەڕ.

دواتریش، ئەو سەردانکەرانە هەڕەشەیان لێدەکەن و دەڵێن کە دەچن چەک دەهێنن، خاوەنی چێشتخانەکەش سکاڵا تۆماردەكات و تاوەکو ئەوان سکاڵا تۆماردەکەن، سەردانکەرەکان دەگەڕێنەوەو دەستڕێژی گوللـە لەو چێشتخانەیە و دو چێشتخانەی تەنیشتی دەکەن.

خاوەنی چێشتخانەكە ئاماژەی بەوەكرد، کە زیانێکی ماددی زۆریان بەرکەوتوە، هەرچەندە بەهۆی ئەوەی کەسی لێنەبوە، زیانی گیانی لە تەقەکردنەکان نەکەوتوەتەوە كە نزیكەی 500 فیشەكییان بە چێشتخانەكانەوە ناوە، بەڵام لە گرژییەکەی پێش روداوی تەقەکردنەکەدا، شاگردێکی چێشتخانەکە پەنجەیەکی شکاوە کە کوڕی خاوەن چێشتخانەکەیە و شاگردێکی دیکەشیان دەستێکی "درزی بردوە."

ئەوەشی خستەڕو، کە تاوەکو ئێستا کەس بەهۆی روداوەکەوە دەستگیرنەکراوە و پاش روداوی تەقەکردنەکەش هیچ هێزێکی ئەمنی نەچوەتە لایان بۆ بردنی گرتەی ڤیدیۆیی کامێراکانی ناوچەکە.

هاوکات، خاوەنی چێشتخانەکە وتیشی، کە ئەوان گرفت و کێشەیان لەگەڵ کەسدا نییە و ئەوانەی ئەو کارەیان کردوە تەنها سەردانکەر بون.

هاوڵاتیەکی دیکەش ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو جۆرە روداوانە زۆر رودەدەن و زۆر کەس هەیە دەچنە ئەو شوێنانە نان دەخۆن و پارە نادەن یان گرژی دروستدەکەن.

داواش لە لایەنە ئەمنییەکان دەکەن، کە هاوکاریان بن و بە دەم کێشەکانیانەوە بچن، ئەوەش لە کاتێکدایە، هیچ لایەنێکی ئەمنی لەبارەی ئەو رووداوەی ئەمڕۆوە روونکردنەوەی نەداوە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×