راوێژكارێكی كازمی: دواخستنی هەڵبژاردن بۆچونی هەندێك هێزی سیاسییە نەك هەڵوێستێكی رەسمی
  2021-01-15       410       

د. عەبدولحسێن هینداوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردن بۆچونی هەندێك لە هێزە سیاسییەكانەو هەڵوێستێكی رەسمی نییە. دەشڵێت: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیە بۆ پشتیوانیكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبواری چاودێریدا.

ئاوێنە: د. عەبدولحسێن هینداوی، ئەمڕۆ هەینی، بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراقی راگەیاندوە، كۆبونەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمریكاو بەریتانیاو هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی نوێنەرایەتی فەرەنسا لە عێراق، بۆ تاوتوێكردنی چاودێری نوێدەوڵەتی هەڵبژاردنەكانی عێراق بوەو ئامادەیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خراوەتەڕو بۆ پشتیوانیكردنی هەڵبژاردنەكان لە بواری چاودێریدا.

ئاماژەی بەوەشداوە كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەگوێرەی ئەو وادەیە كاردەكات كە بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوەو حكومەت و سەرۆكایەتی كۆمار رۆڵیان هەیە لە دیاریكردنی ئەو وادەیەداو ئەوە لە دەسەڵاتی كۆمسیۆندا نییە.

وتوشیەتی"كۆمسیۆن خشتەیەكی زەمەنی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن داناوە بەڵام هەندێك لە هێزە سیاسییەكان رەخنەیان لێگرتوەو داوایان كردوە پێداچونەوە بە وادەی تۆماركردنی قەوارەو هاوپەیمانییەكاندا بكرێت و دەرفەتی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بدرێت چونكە پێیانوایە ئەو كاتەی دانراوە كەمە بۆ تۆماركردنی كاندیدەكان و هاوپەیمانییەكان."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوای لە كۆمسیۆن كرد كە رونكردنەوەیەكی دروست بدات لەبارەی ئەو داواكارییانەوە.

هەروەها راوێژكارەكەی كازمی ئەوەشی خستۆتەڕو كە دواخستنی هەڵبژاردنەكان بۆچونی هەندێك لە هێزە سیاسییەكانەو هەڵوێستێكی رەسمی نییەو جەختیشی كردۆتەوە كە كۆمسیۆن بەگوێرەی ئەو وادەیە كارەكانی ئەنجامدەدات كە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەستنیشان كراوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×