"پەنابەرێکی باکوری کوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گوماناوی لەئاسایشی هەولێر گیان‌ له‌ده‌ستده‌دات‌"
  2021-01-15       575       
سایتی‌ ڕۆژنیوزی‌ نزیك له‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان -په‌كه‌كه‌- ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ پەنابەرێکی باکوری کوردستان بەناوی (مەتین ئادوگیت) کە لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لەهەولێر "بێ سەروشوێن" کرابو، به‌شێوه‌یه‌كی‌ گوماناوی‌ له‌زیندانی‌ ئاسایش گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

ئاوێنه‌: سایته‌كه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، پەنابەرێکی باکوری کوردستان بەناوی مەتین ئادوگیت کە لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لەهەولێر دەستگیرو بێ سەروشوێن کرابو، لەلایەن پارتییەوە ڕەتدەکرایەوە کە لەلای ئەوان بێت، بەڵام بەڕێککەوت خانەوادەکەی مەتین پێیانزانی کە تەرمی مەتین بەمردوی لەئاسایشیەوە براوەتە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر.

مەتین ئادوگیت کە بەشێوەیەکی گوماناوی لەزیندانەکانی پارتی لەهەولێر گیانی لەدەستدا، هەتاکو ئێستا ڕون نەکراوەتەوە کە مەتین بۆ دەستگیرکراوە؟ لەسەر چی لێپێچینەوەی لێکراوە؟ بۆچی خانەوادەکەی ئاگادار نەکراونەتەوە؟.

بەپێی وتەی خانەوادەکەی، مەتین لەکاتی دەستگیرکردنیدا نەخۆشی فشاری خوێن، دڵ، شێرپەنجەو کۆرۆنای هەبووە، سەرەڕای ئەمانەش بەبێ هیچ هۆکارێکی ئاشکرا لەلایەن پارتییەوە دەستگیرکراوەو بۆ ماوەیەکی زۆر بێسەروشوێن کراوە.

دوابەدوای ئەوەی خانەوادەو پارێزەری مەتین، چەندین جار سەردانی ئاسایش دەکەن پێیان ڕادەگەیه‌نرێت کە مەتین لەلای ئەوان نییە، بەڵام هەفتەیەک پێش ئێستا ئاسایشی هەولێر پەیوەندی بەپارێزەرەکەی مەتینەوە دەکات و پێی ڕادەگەێنن، کە مەتین بەجەڵتەی دڵ مردووەو تەرمەکەی لەنەخۆشخانەیە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە محمەد شەریف سوروچو، کەسی نزیک لەمەتین ئادوگیت بەسایتی‌ ڕۆژنیوزی داوە، خانەوادەکەی مەتین بەڕێکەوت زانیویانە کە تەرمی مەتین لەنەخۆشخانەی ڕزگارییە.

مەحەمەد شەریف لە سەر ئەم ڕوداوە نوسراوێکی بڵاو کردۆتەوە کە چەند خاڵێکی ورژاندووەو باسی لەوە کردووە کە “چۆن دەبێت کەسێک لەبەر ستەمی دوژمنەکەی هەڵبێت و پەنا بێنێتە لای براکەی خۆی بەڵام ئەو ستەمی گەورەتری لێبکات..!بۆچی؟، ژمارەی شەهیدانی کوردستان لەژمارەی دانشتوانی گەلێک وڵات زۆرترە کە زۆربەیان بەدەستی ناوخۆەوە شەهید کراون، ئایا ئەمە سەرشۆڕییەکی گەورە نییە؟”.

محەمەد لەبەشێکی دیکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە مەتین ئادوگیت باوکی پێنج منداڵ بوو کاتێک لەهەولێر دەستگیری دەکە‌و لێی دەپرسن، بۆچی لەکامپی مەخمورەوە چۆته‌ هەولێر، لەوڵامدا دەڵێت، بۆ دابینکردنی بژێوی پێنج منداڵەکەی ناچار بووە بڕواتە ئەوێ.

ئەو کەسە نزیکەی مەتین لەنوسینەکەیدا ئەو پرسیارە دەکات، کە ئایا چارەنوسی مەتین بەسەر منیشدا دێت؟،  ئەو خاڵە دەورژێنێت کە چۆن دەبێت کەسێک دوو مانگ دەستگیر بکرێت‌و خانەوادەکەی ئاگادار نەکرێتەوە؟ پارتی لەلێپرسینەوەکانیاندا لەسەر حەوت پشتی کەسەکان زانیاری وەردەگرن، وێڕای ئەمانەش چۆن کەسوکاری مەتینیان ئاگادر نەکردەوە؟ تا دواتر بەرێکەوت پێیانزانی کە تەرمەکەی لەنەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێرە.

محەمەد شەریف لەبەردەوامیدا باس لەوە دەکات، کە مەتین و سەرجەم پەنابەرانی کامپی مەخمور لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن و بڕۆنە ئەوروپا، ڕویان لەباشوری کوردستان کردووە، بەڵام چەندین ساڵە لەهەرێمی کوردستان دەژین تەنانەت زۆربەیان ئیقامەشیان پی نادرێت و وەک بێگانە سەیر دەکرێن.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە کەسوکاری مەتین ئادوگیت بەسایتی‌ ناوبراویان داوە، تەرمی مەتین هێشتا لەنەخۆشانەی ڕزگارییەو پشکنینی پزشکی دادوەری بۆ نەکراوە، دوای کۆتاییهاتنی کاروباری یاسایی ڕۆژی یەکشممە تەرمەکەی دەبەنەوە بۆ شاری وان لەباکوری کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×