ئەمڕۆ وادەی تۆمارکردنی ناوی پارت و هاوپەیمانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت
  2021-01-16       341       

ئەمڕۆ شەممە ئەو وادەیە كۆتایی دێت كە بۆ تۆمارکردنی ناوی پارت و هاوپەیمانییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دیاریكراوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاماری راگەیاندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تا ئێستا  ٤٣٣ حزب داواکارییان بۆ تۆمارکردنی خۆیان لە کۆمسیۆن پێشکەشکردوە. 
هاوکات، کۆمسیۆن داواکاری ١٢٨ حیزبی رەتکردوەتەوە و مۆڵەتی بە ٢٢٥ حزب داوە و  ١٧ حزب خۆیان داوای کشانەوەیان لە تۆمارکردن کردوەو ٦٣ حزبی نوێ دامەزراون و داوای تۆمارکردنیان لە کۆمسیۆن کردوە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، لە ٩ تا ١٦ی ئەم مانگە وادەی تۆمارکردنی حزب و لیست و قەوارە سیاسییەکانی بەشداربوی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەخەتەکەی ٦ی حوزەیرانی ئەمساڵی عێراقە.

رۆژی پێنجشەممە، سەرۆكایەتییەكانی عێراق، لە كۆشكی بەغدا، بە بەشداریی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە كە بە میوانداری سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، بەڕێوەچوە، تاوتوێی دۆسیەی هەڵبژاردنی پێشوەختی داهاتو كراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان خشتەی كارە تەكنیكییەكان و وادەی زەمەنی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و پابەندبونی بە هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەر و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی تۆماری بایۆمەتری تەواوی دەنگدەران و هەماهەنگی بۆ زامنكردنی چاودێرییەكی نێودەوڵەتی چالاك، خستۆتەڕو.

هەروەك كۆمسیۆن جەختی كردۆتەوە كە كاتی تەواو دەدات بۆ كاندید و هاوپەیمانییە سیاسییەكان و هێزە سیاسییە نوێكان و گەنجان بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی تۆماریی یاسایی و پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان.

دوێنێ هەینی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە كۆبونەوەی سەركردە سیاسییەكان و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، كۆمسیۆن پێی راگەیاندون ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لەو وادەیەی دیاریكراوە قورسە ئەوەش بەهۆی بونی چەند ئالنگارییەك، بەڵام مەحاڵ نییە.

بەرلەوە عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، رایگەیاندبو، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی كۆتایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

وتبوشی، رەنگە مستەفا كازمی بیەوێت وادەی هەڵبژاردنەكە بگۆڕێت كە پێشتر مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی دیاریكردبو.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەواڵی دواخستنی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی چڕ لە میدیاكانی عێراق بڵاودەبێتەوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رەتیكردەوە كە ئەوان داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكەیان بۆ مانگی ئەیلولی داهاتو كردبێت و وتیشی، ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەو وادەیەدا كە دیاریكراوە.

هەر دوێنێ راوێژكاری مستەفا كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند كە دواخستنی هەڵبژاردنەكان بۆچونی هەندێك لە هێزە سیاسییەكانەو هەڵوێستێكی رەسمی نییەو جەختیشی كردەوە كە كۆمسیۆن بەگوێرەی ئەو وادەیە كارەكانی ئەنجامدەدات كە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەستنیشان كراوە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×