نەتەوە یەكگرتوەكان: بەهۆی کۆرۆناوە کۆچكردن لەجیهاندا بەڕێژەی لەسەدا ٢٧ کەمیكردوه‌
  2021-01-16       403       

نەتەوە یەکگرتوەکان بڵاویکردەوە، تێکڕای گەشەی کۆچکردن لەنێوان وڵاتان تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێژەی لەسەدا ٢٧ کەمیكردوه‌.

ئاوێنە: بەگوێرەی راپۆرتێک کە لەلایەن کارگێڕیی کاروباری ئابوری و کۆمەڵایەتی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان لەژێر ناوی "کۆچی نێودەوڵەتی ٢٠٢٠" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەتە هۆی پەکخستنی سەرجەم جۆرەکانی هاتوچۆی مرۆڤەكان لە رێگەی داخستنی سنورەکان و وەستانی گەشت لە سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان."

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پەتای کۆرۆنا بوەتە هۆی کەمبونەوەی ژمارەی کۆچبەره‌ نێودەوڵەتییه‌كان بە نزیکەی دو ملیۆن کۆچبەر تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەو ژمارەیە بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڕێژەی لەسەدا ٢٧ کەمیكردوه‌.

ئەوەش رونکراوەتەوە کە گەشە لە ژمارەی کۆچبەره‌ نێودەوڵەتییه‌كان لە میانی دو دەیەی رابردودا زۆر بەهێزبوە بەجۆرێک ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەرەوەی ئه‌و وڵاتانه‌ی لێی له‌دایكبون دەژین لە ساڵی ٢٠٢٠دا، گەیشتوەتە ٢٨١ ملیۆن لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٠دا نزیکەی ١٧٣ ملیۆن بوە و لە ساڵی ٢٠١٠دا نزیکەی ٢٢١ ملیۆن بوە.

ئاماژە بەوەشدراوە کە کۆچبەره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لە ئێستادا نزیکەی ٣،٦ لەسەدای دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن.

ئەوەش خراوەتەڕو کە ئەمریکا میوانداریی زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی کردوە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ژمارەی کۆچبەره‌ نێودەوڵەتییه‌كان لەو وڵاتەدا گەیشتوەتە ٥١ ملیۆن کەس کە دەکاتە لەسەدا ١٨ی کۆی کۆچبەران.

ئەڵمانیا لە ریزبەندی دوەمی ئەو وڵاتەدا دێت کە زۆرترین ژمارەی کۆچبەری لەخۆگرتوە کە نزیکەی ١٦ ملیۆن بوە و دوای ئه‌ویش سعودیە بە ١٣ ملیۆن و روسیا بە ١٢ ملیۆن و ئیمارات بە میواندارییکردنی نۆ ملیۆن لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانه‌دا دێن کە زۆرترین کۆچبەری نێوده‌وڵه‌تییان لەخۆگرتوە.

لە راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدراوە کە هیندستان لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەسەروی ئەو وڵاتە دێت كه‌ زۆرترین ژماره‌ی دانیشتوانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌ کە نزیکەی ١٨ هاوڵاتیی لە دەرەوەی هیندستان دەژین.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×