ئەو کچەی قسەی بە هونەرمەند کەریم كابان وت، دەستگیرکرا
  2021-01-17       2891       

پاش ئەو ناڕەزایەتیەكان بەرامبەر "سوكایەتكردن"ی کچە مۆدێلێک بە هونەرمەندی كۆچكردو كەریم كابان، پۆلیسی سلێمانی کچە مۆدێلەکە دەستگیردەکات.

ئاوێنە، زریان محەمەد: سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاوێنە وتی"ئەو کچە لەسەر ئەو قسانەی لە سۆشیال میدیا کردبوی لەسەر سکاڵای سەندیکای هونەرمەندان، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد."

وتیشی"كچەكە لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرا دەستگیر کراوەو لەزینداندایە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە."

ئاماژەی بەوەشدا دەستگیرکردنەکە بەپێی ماددەی دوی خراپ بەکار هێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بەندە.

دوێنێش لە پاركی نالی شاری سلێمانی بەشێك لە هونەرمەندان وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە "سوكایەتیكردن" بە هونەرمەندی كۆچكردو كەریم كابان، گردبونەوەیەكیان سازكرد.

قسەكانی ئەو كچە لەسەر كەریم كابان هاوكات بون لەگەڵ ساڵیادی كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەدا، كە ناڕەزایەتییەكی زۆریشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەدوای خۆیدا هێنا.

كەریم كابان، هونەرمەندی گۆرانیبێژی هەڵكەوتوی كورد، رۆژی 14ی كانونی دوەمی ساڵی 2016 كۆچی دوایی كرد.

كه‌ریم كابان ناوی ته‌واوی (عه‌بدولكه‌ریم جه‌لال مه‌حمود)ە، زیاتر له‌ 70 ساڵ‌ له‌ بواری هونه‌ریدا كاری كردوه‌. له‌ساڵی 1927 له‌ گه‌ڕه‌كی شێخانی نزیك سه‌رای سلێمانی له‌ خێزانێكی ئایینی له‌دایك بوه‌، له‌ ساڵی 1941 یه‌كه‌م گۆرانی وتوه‌.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×