پەرلەمانتارانی كوردی ئێران داوا لە خامەنەیی دەكەن سوكایەتیكردن بە كورد رابگرن
  2021-01-18       832       
وێنەی ئەو كوردەی كە لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی رەسمی ئێراندا بەشداری كردو پێشكەشكاری بەرنامەكە جلە كوردییەكانی بەری بە جلی "شوانی" ناوبرد

ئەمڕۆ دوشەممە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی ئێران لەبارەی سوکایەتیکردن بە زمان و كولتور و جلوبەرگی کوردییەوە کە لە میدیای فەرمیی ئێران چەندین جار ڕوی داوە نامەیەکیان ئاڕاستەی ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كردو تێیدا داوای راگرتنی ئەو سوكایەتیانە دەكەن.

ئاوێنە: لە نامەکەیاندا پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی ئێران داوایان لە خامەنەیی كردوە بێتە سەر خەت و "فەرمانێکی حەکیمانە" لەو بارەیەوە دەربکات بۆ ئەوەی کەس مافی ئەوە بە خۆی نەدات لە تەلەڤزیۆن و میدیای رەسمییەوە بەو شێوەیە سوکایەتی بە گەلان و كولتور و زمان و جلوبەرگیان بکات.

پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە پرسی سوکایەتیکردن بە کورد و كولتور و زمان و جلوبەرگی کوردی چەندین جار لە میدیا ئێرانییەکان ڕوی داوەو پێویستە ڕێبەری باڵای ئێران لەو بارەیەوە هەڵوێست وەربگرێت.

پێش دو ڕۆژ لە کەناڵی دوی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە بەرنامەیەكدا کە كەسایەتییەكی كورد بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریی تێداكردبو، پێشکەشکارێكی ئەو بەرنامەیە وەك تانەیەك پێی دەڵێت "ئەم جلە شوانییە چیە لە بەرت کردوە؟" ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دوای خۆیدا هێنا.

ئەوەش جاری یەكەم نییە لە میدیا رەسمییەكانی ئێرانەوە سوكایەتی بە جلوبەرگ و كولتوری كوردی دەكرێت.

هەر ئەمڕۆ دوشەممە، كەمال حسێن پور، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، رایگەیاند، "كوردەكان لە رەسەنترین و دێرینترین گەلانی ئێرانن و بەداخەوە لە میدیای رەسمیدا دەبینین سوكایەتی بە گەلانی رەسەنی ئێران دەكرێت."

كەمال حسێن پور، داوا لە بەڕێوەبری "سەداو سیما"ی ئێران كرد لەو "سوكایەتیانە" بكۆڵێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×