پارتی: حوكمڕانی ئێستای هەرێم سەرتاسەریی نییە، ئەوەش خاڵێكی رێككەوتنەكانە كە جێبەجێ نەكراوە
  2021-01-18       992       

وتەبێژى پارتی ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆسەى چاکسازى لە هەرێمى کوردستان هەنگاوى بۆ نراوە، بەڵام هەندێک گرفتى هاتوەتە بەردەم کە بەشێکىیان پەیوەندیان بە حکومەتى فیدڕاڵەوە هەیە و دەشڵێت"حوکمڕانى ئێستاى کوردستان سەرتاسەریى نییە، ئەوەش خاڵێکى رێککەوتنەکانە کە جێبەجێ نەکراوە."

ئاوێنە: مەحمود محەمەد، وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای رەسمی گۆڕان، رایگەیاند، لەگەڵ لایەنەکانى حکومەتى هەرێم لەسەر ئەوە سوربون چاکسازى لە ناوخۆى کوردستان ئەنجام بدرێت و قۆناغەکە پێویستى بە چاکسازییە و لە کارنامەى کابینەى نۆیەمیشدا چەسپێندرا و بوە بەشێک لە کارنامەى حکومەتى هەرێم و پڕۆژەیەکیش ئامادەکرا کە دەستپێکێک بو بۆ ئەنجامدانى چاکسازى.

بەڵام بەقسەی وتەبێژی پارتی"ئەو ئاستەنگانەى هاتونەتە بەردەم چاکسازى کۆمەڵێک بابەتن، بۆنمونە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى کێشەمان بۆ دروستبو کە دەبو چارەسەر بکرایە کە بەداخەوە حکومەتى فیدراڵ وەک گوشار بەکارى دێنێت بۆئەوەى نەتوانین کارنامەکەى خۆمان جێبەجێ بکرێت، لەوانەیە بەشێک لە گوشارەکانى ناوخۆش هۆکاربن کە وایکردوە رەنگە هەندێک لایەن تائێستا قەناعەتیان وابێ پڕۆسەکە وەک خۆى نەچوەتە پێشەوە."

وتەبێژى پارتى دیموکراتى کورستان ئاماژەی بەوەشدا کە چاکسازى لاى ئەوان ئەوەیە چۆن نەهێڵین گەندەڵى بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەى چۆن باشترین جۆرى ئیدارەکردن پێشکەش بکرێت بۆ راپەڕاندنى کارى هاوڵاتیان بە باشى، لە روى داراییشەوە هەوڵ بدرێت ئەو خەرجیانەى پێویست نین کەمبکرێنەوە و لە هەندێک بوارى تردا داهات زیاد بکرێن، "تەنانەت چاکسازى لە دامەزراندن و سیستمى پەروەردە و تەندروستى و سێکتەرەکانى دیکەش بکرێت".

مەحمود محەمەد پێیوایە حکومڕانى ئێستاى کوردستان "سەرتاسەریى نییە" و باسی لەوەش كرد لە رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان و یەکێتیش ئەوەیان چەسپاندوە کە حکومڕانى ئەم وڵاتە دەبێت سەرتاسەرى بێت، "بەڵام ئەوە یەکێکە لەو خاڵانەى رێککەوتنەکە کە جێبەجێ نەکراوەو کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات بۆ ئەو یاسا و رێنماییانەى دەردەچن و بۆ شێوازى بەڕێوەبردنى کاروبارەکان كە لە هەمو شوێنێک وەک یەک جێبەجێنەکرێن."

وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاماژەی بە هەندێک مەترسى بۆ سەر هەرێمی كوردستان كردوەو وتویەتی"بە ئاشکرا هەندێک لایەنى عێراقى دەیانەوێت هەندێک خاڵى دەستورى کە مافى کوردن بەوشێوەیەى هەیە نەمێنێت، ئەمە نیشانەى ئەوەیە باوەڕیان بە جێبەجێکردنى مادەکانى دەستور نیە، بەشێک لە لایەنە شیعەکان گەمەیەکى مەترسیداریان کرد لە شێوازى حکومڕانى و دەسەڵاتداریى لە عێراق بەوەى کۆى کێشەکانى عەرەبى سونەیان لە پۆست و پلە و پایە کورت کردەوە، دەیانویست لەگەڵ کوردیش هەمان مامەڵە بکەن و هەوڵى ئەوە دەدەن کێشەکانى مادەى (140) و پێشمەرگە و یاساى نەوت و غاز و پشکى کورد لە مەسەلەى میزانیە کورت بکەنەوە و حاڵەتێکى برسیبون لە کوردستان دروست بکەن."

سەبارەت بە یەکڕیزى نێوان لایەنە سیاسیەکان و هەڵبژاردنى داهاتوش، مەحمود محەمەد وتی: یەکڕیزى لە هەرێمى کوردستان بەوە دروست دەبێت کە لەسەر مافە دەستورى و نیشتیمانى و نەتەوەییەکانمان یەکڕیز و یەک گوتار بین، ئەگەر خیلافى سیاسیشمان هەیە تێکەڵاوى بابەتە نەتەوەیى و نیشتیمانییەکان نەکەین، بۆیە گرنگە لانیکەم بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان هاوپەیمانێتى بکەین و یەک لیستى لەلایەن کوردەوە پەیڕەو بکرێت بۆئەوەى دەنگى کورد نەفەوتێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×