وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە
  2021-01-18       747       

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوەو دەڵێت، داوای رادەستكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم بە بەغدا داوایەكی نادەستورییە، بەڵام ئامادەین داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەست بكەین. رەتیشیدەكاتەوە هەرێمی كوردستان پابەندنەبوبێت بە كەمكردنەوەی بەرهەمێهانی نەوت لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەسدا.

ئاوێنە: رۆژی 15ی ئەم مانگە، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رەسمی وڵاتەكەی، ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان پابەندنییە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەچوارچێوەی ئەو پشكەی دەكەوێتە سەر عێراق بەگوێرەی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس.

وەزیری نەوتی عێراق، راشیگەیاند، تێچوی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان دەگاتە 20 دۆلار و وێڕای ئەوەی هێمای بۆ ئەوە كرد كە نەوتی هەرێم بە هەرزان دەفرۆشرێت، وتیشی"ئیدارەدانی سامانی نەوت لە هەرێم ناچێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتییەوە."

جەختیشی كردەوە كە دەبێت بڕیارێكی سیاسی هەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوەشدا كە نەوتی كەركوك لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدایە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ئەمشەو لە رونكردنەوەیەكدا وەڵامی قسەكانی وەزیری نەوتی عێراقی داوەتەوە و سەبارەت بە هۆكاری بەرزی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم و هەرزان فرۆشتنی، وتویەتی"بێگومان ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێکهاتەو سروشتی ئاڵۆزی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە تێچوی دەرهێنانی زیاتر بێت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق. سەبارەت بە نرخەکەشی بەداخەوە بەهۆی ئەو کێشەو ئاستەنگانەی لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەکرێت، نرخی نەوتی هەرێم کەمترە لە نرخی بازاڕەکانی جیهان."

هەروەك لە رونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتوە"لە چاوپێکەوتنەکەدا بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی، داوای ئەوە دەکات دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و بە شێوەیەکی (مەرکەزی) بەڕێوەببرێت. لە کاتێکدا بەپێی دەستور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییەو مەرکەزیی نییە...داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نادەستورییە."

وتوشیەتی"بەڵام لە هەمانکاتدا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی فیدرالی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "هەمیشە ئامادەشین کێشەکانی نێوانمان بەپێی دەستور چارەسەر بکەین و بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە لە بەرژوەوەندی هەمو هاوڵاتییانی عێراقدا بێت."

سەبارەت بە پابەندبون بە بڕیارەکانی ئۆپێک، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختی كردۆتەوە "هەرێمی کوردستان پابەندبوە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە."

هەروەها رونیشیكردۆتەوە"بەپێی ڕێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە 12.67%  دەبوایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار( 600,000 ) بەرمیل بەرهەم بهێنێت لە کۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حکومەتی عێراقە نەک هەرێم، بۆیەش دەبێت حکومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کەمکردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار (30.000) بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی کەم کردوەتەوە."

لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەدا هاتوە"وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردوە کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک سەر بە بەغدان. لە کاتێکدا ئاشکرایە کە کەرکوک بەپێی دەستور، ناوچەیەکی کێشە لەسەرەو پێویستە بەپێی ماددەی 140 خاوەندارێیتی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت."

دەقی رونكردنەوەكە...

رونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

وەزیری نەوتی عێراق بەڕێز ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێمی کوردستان کردبو، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕونکردنەوەو ڕاستکردنەوەیەک سەبارەت بەو بابەتانە بدەین کە لە چاوپێکەوتنەکەدا باسکراون:

یەکەم: بەڕێز وەزیری نەوتی حکومەتی  فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردوە کە تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان بەرزە و نەوتی هەرێمی کوردستان بە  10 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عێراق دەفرۆشرێت .

بێگومان ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێکهاتەو سروشتی ئاڵۆزی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە تێچوی دەرهێنانی زیاتر بێت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق. سەبارەت بە نرخەکەشی بەداخەوە بەهۆی ئەو کێشەو ئاستەنگانەی لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەکرێت، نرخی نەوتی هەرێم کەمترە لە نرخی بازاڕەکانی جیهان.

دوەم: لە چاوپێکەوتنەکەدا بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی، داوای ئەوە دەکات دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و بە شێوەیەکی (مەرکەزی) بەڕێوەببرێت. لە کاتێکدا بەپێی دەستور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییەو مەرکەزیی نییە. بەپێی دەستوریش، کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە. بۆیە داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نا دەستورییە. بەڵام لە هەمانکاتدا  ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی فیدرالی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن. هەمیشە ئامادەشین کێشەکانی نێوانمان بەپێی دەستور چارەسەر بکەین و بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە لە بەرژوەوەندی هەمو هاوڵاتییانی عێراقدا بێت.

سێیەم: سەبارەت بە پابەندبون بە بڕیارەکانی ئۆپێک، هەرێمی کوردستان پابەندبوە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.

بەپێی ڕێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە 12.67%  دەبوایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار( 600,000 ) بەرمیل بەرهەم بهێنێت لە کۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حکومەتی عێراقە نەک هەرێم، بۆیەش دەبێت حکومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کەمکردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار (30.000 ) بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی کەم کردوەتەوە.

چوارەم : بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردوە کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک سەر بە بەغدان. لە کاتێکدا ئاشکرایە کە کەرکوک بەپێی دەستور، ناوچەیەکی کێشە لەسەرەو پێویستە بە پێی ماددەی 140 خاوەندارێیتی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت دەردەبڕین بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردولاماندا بێت .

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×