هاوسه‌رۆكانی‌ یه‌كێتی‌ تەئکید لەجێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی ده‌كه‌نه‌وه‌
  2021-01-19       607       
هاوسه‌رۆكانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان تەئکید لەجێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی ده‌كه‌نه‌وه‌ لەچوارچێوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌‌و بافڵ تاڵه‌بانی‌ هاوسه‌رۆكانی‌ یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان كۆبونه‌وه، به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌، "تەئکیدمان لە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی کردەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت، هاوکات بە خاڵێکی گرنگمان لە قەڵەمدا بۆ بەهێزکردنی حکومەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی هەرێمی کوردستان و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم. ئامادەیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانمان دووپات کردەوە بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی و پاراستنی یەکڕیزیی لە نێوان هێز و لایەنەکان."

هاوسه‌رۆكانی‌ یه‌كێتی‌ راشیانگه‌یاندووه‌، "داوامان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد کە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور بە جۆرێک کە مافەکانی هاووڵاتییانی تێدا پارێزراو بێت و چیتر ڕێگە نەدرێت قوت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان تێکەڵ بە  کێشە و ململانێی سیاسییەکان بکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک پارێزراو بێت."

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "سوپاسی کونسوڵی گشتی ئەمریکامان کرد کە ئامادەیی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامی هەوڵەکان و یارمەتیدان و هاوکاریکردنی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ."
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×