مستەفا کازمی: دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن واتای‌ لادان نییە لەبنەمای هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت
  2021-01-19       559       
مستەفا کازمی

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات لەئەنجامدانی هەڵبژاردن‌و دەڵێت، دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن واتای‌ لادان نییە لەبنەمای هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت.

ئاوێنه‌: ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەدانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەیدا کە میوانداری ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردبو، بڕیاریدا ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت بۆ ١٠ / ١٠ دوابخات.

پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای کردبو وادەی هەڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی‌ پەرلەمانی عێراق كه‌ رۆژی‌ ٦/ ٦ی‌ بۆ دیاریكرابو، بۆ ١٠ / ١٠ دوابخات.

لای‌ خۆیه‌وه‌ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوتەیەکیدا لەکۆبونەوەی‌ ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا دڵنیایی داوه‌ لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو رایگه‌یاند، "هەموو توانایەکمان خستۆتەگەڕ بۆ پشتگیری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان."  

سەبارەت بەپێشنیازەکەی‌ کۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەکان بۆ دواخستنی‌ هەڵبژاردن وتی‌، "ئەوەی‌ پێشکەشکراوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە درێژکردنەوەی‌ ماوەی‌ خۆکاندیدکردن و پێدانی‌ دەرفەتێکی‌ زیاترە بۆ تەواوکردنی‌ ئامادەکاریەکانی‌ پرۆسەکە بەباشترین شێوە، ئەوەش واتای‌ لادان نییە لەبنەمای هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت، سازشی‌ لەسەر ناکەین چونکە داواکارییەکی‌ جەماوەرییەو مەرجەعیەت پاڵپشتی‌ دەکات و بەشێکە لەبەرنامەی‌ حکومی‌."  

باسی‌ لەوەشکرد، "لە یەکەم ڕۆژی‌ پێکهێنانی‌ حکومەت هەموو توانایەکی‌ دەوڵەتمان بۆ پشتگیریکردنی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکان دابینکردن، کۆمسۆنێکی‌ باشەو لەدادوەرانی‌ بەتوانای‌ پێکدێن و پێویستیان بەهەموو جۆرەکانی‌ پشتگیری‌ و پاڵپشتییە."  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×