نێچیرڤان بارزانی‌: ناکرێت خاکی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ هەڕەشەکردن لەتورکیا بەکاربهێنرێت
  2021-01-19       879       
نێچیرڤان بارزانی‌، خولوسی‌ ئاکار
له‌میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ خولوسی‌ ئاکار وەزیری‌ بەرگریی‌ تورکیا، نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستان رایگه‌یاند، ناکرێت خاکی عێراق‌و هەرێمی‌ کوردستان وەکو پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لەتورکیا بەکاربهێنرێت.
 
ئاوێنه‌: نیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی‌ پێشوازیی لەخولوسی‌ ئاکارو شاندی‌ یاوەری‌ کرد، به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، بارزانی‌ ڕایگه‌یاندووه‌، "ناکرێت خاکی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان وەکو پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانی‌ دراوسێ بەکاربهێنرێت و هیوای‌ خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکی‌ خۆی‌ جێبەجێ بکات، هەروەها شاندی‌ میوانی‌ دڵنیا کردەوە کە هەرێمی‌ کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەرێکی‌ ئارامی‌ و سەقامگیریی‌ ناوچەکە دەبێت".
 
له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، هەردوولا جەختیان لەپاراستنی‌ ئارامی‌ و سەقامگیری‌ لە ناوچەکە و گرنگیی‌ هاوکاری‌ و هەماهەنگیی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنی‌ سەقامگیریی‌ ناوچەکە کردەوە.
 
پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانی‌ هاریکاری‌ و هەماهەنگیی‌ نێوان هەردوولا، دۆخی‌ ناوچەکە بەگشتی‌، رێککەوتنی‌ شەنگال و گرنگیی‌ جێبەجێکردنی‌، گرنگیی‌ پاراستنی‌ سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکی‌ دیکەی‌ کۆبوونەوەکە بوون.

له‌میانه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ وەزیری‌ بەرگریی‌ تورکیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و مه‌سرور بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و نێچیرڤان بارزانی‌، سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستان كۆبوه‌وه‌.

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ مه‌سرور بارزانی‌‌و خولوسی‌ ئاکار، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ڕایگه‌یاندووه‌، "جەختمان لە گرنگیی هەماهەنگیی و بەردەوامیی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە. بەتایبەتی  بەهێزکردنی هەماهەنگیی و هاریکاریی لە پێناو سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا."

مه‌سرور بارزانی ڕاشیگه‌یاندووه‌، "جەختمان لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان کردەوە لە پێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×