جۆ بایدن پڕۆژە یاسای کۆچ ئاشکرا ده‌کات
  2021-01-19       908       
جۆ بایدن
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا پلانی وایە لەیەکەم ڕۆژی گرتنه‌ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵاتدا پڕۆژە یاسای کۆچ ئاشکرا بکات، بەو هیوایەی کە ڕێڕەوێکی هەشت ساڵە بۆهاوڵاتیبون دابین بکات بۆ نزیکەی 11 ملیۆن كۆچبه‌ر کە لەئەمەریکا دەژین.

ئاوێنه‌: ئەم رێکارە یاساییە بایدن دەخاتە سەر ئەو رێچکە سەرەکییەی ئەو بەڵێنە گەورەیەی کە بە دەنگدەرانی لاتین و کۆمەڵگا کۆچبەرەکانی دیکەی دابوو، دوابەدوای چوار ساڵ لەسیاسەتی کۆتوبەندو سنوردارکردن و گێڕانەوەی بەکۆمەڵ کە لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە لەئارادابوو. 

پێشبینی دەکرێت ئەو پڕۆژەیاسایە پێکهاتبێت لەسەدان لاپەڕە، وابڕیارە ڕۆژی چوارشەممە پاش ئەوەی بایدن سوێندی یاسایی دەخوات و بەڕێوبەرایەتییەکە وەردەگرێت رایبگەیەنێت.

بایدن وەک کاندیدێک، هەڵوێستەکانی ترامپی سەبارەت بە کۆچ بە "هێرشێکی بێ وچان" ناوبرد بۆ سەر بەهاکانی ئەمەریکا و گوتی ئەو " پاشەکشێ بە زیانەکان دەکات " لە کاتێکدا بەردەوام دەبێت لەپاراستنی سنوورەکان.

لە سایەی ئەو یاسایەدا ئەوانەی لە ئەمەریکا دەژین هەر لەیەکی مانگی یەکی ساڵی 2021ەوە ئەوانەی کە دۆخێکی یاساییان نیە ماوەی پێنج ساڵیان دەبێت بۆ وەدەستهێنانی مانەوەی کاتی یان پێدانی گرین کارت، جائەگەر لەپشکنینی باری کەسێتی دەربچن و باج بدەن و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دیکە جێبەجێبکەن ئەوا تەنها ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت بۆئەوەی شوناسنامەی هاوڵاتیبوون بەدەستبهێنن ئەگەر بڕیاری ئەوە بدەن بببن بە هاوڵاتی ئەمریکی.

بۆ هەندێک لە کۆچبەران پرۆسەکە خێراتر دەبێت ئەو کەسانەی کە ئێستا گەنجن و بە نایاسایی بە منداڵی هاتونەتە ئەمەریکا، هەروەها کرێکارانی کشتوکاڵ و ئەو کەسانەی کە لە باری پاراستنی کاتیدا بوون تێکڕا دەستبەجێ گرین کارتیان بۆ ئامادە دەکرێت، ئەگەر کاربکەن یان لە قوتابخانە بن یان مەرجەکانی دیکە جێبەجێبکەن.

پڕۆژە یاساکە گشتگیر نییە وەک دواییەمین چاکسازی گەورە لەکاروباری کۆچدا لەو سەروەوختەدا کە بایدن جێگری سەرۆک بوو لەبەڕێوبەورایەتییەکەی ئۆبامادا.

بۆ نموونە، لایەنێکی تۆکمەی ئاسایشی سنوور لەخۆ ناگرێ، بەڵکو داوای دانانی ستراتیتیجەکان دەکات. هەروەها دامەزرێنەری کڵێشەیەک نیە سەبارەت بە هاتنی میوانی نوێ یان بەرنامەکانی ڤیزای دیکەی هاتنەناوەوە بۆ ئەمەریکا.

هەندێک لە هۆکارە ڕیشەکانی کۆچکردن لەئەمەریکای ناوەڕاستەوە بۆ ولایەتە یەکگرتووەکان چارەسەردەکات و کۆمەکێک بۆ گەشەی هێزی کار و فێربوونی زمانی ئینگلیزی دابین دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت بایدن رێوشوێنی جێبەجێکاری خێرا ئەنجام بدات بۆ پێچەوانەکردنەوەی هەڵوێستەکانی دیکەی ترامپ کە پەیوەندی بە کاروباری کۆچەوە هەیە؛ لەوانە کۆتایهێنان بە قەدەغەی هاتنی هاوڵاتیانی چەندین وڵاتی زۆرینە موسوڵمان.

لەسەروەختی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکەی دیموکراتەکاندا، بایدن بە بەردەوامی کاری کۆچی بە یەکێک لە کارەبەراییەکانی "ڕۆژی یەکەم"ی ناودەبات، ئاماژە بە کۆمەڵێک لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن دەدات کە دەتوانێت پشتیان پێببەستێت بۆ پێچەوانەکردنەوەی سیاسەتەکانی ترامپ.

هاوپەیمانەکانی بایدن و هەتا هەندێک لە کۆماریکانیش کۆچیان وەک کێشەیەکی سەرەکی دیاریکردووە کە ئیداره‌ی‌ نوێی‌ ئه‌مه‌ریكا دەتوانێت زەمینەی هاوبەش بدۆزێتەوە لەگەڵ "میچ مەکانێڵ" ی سەرۆکی ئەنجومەنی سینات و ژمارەیەکی پێویست لەسیناتۆرە کۆمارییەکانی دیکە بۆ خۆلادان لەو گرفتەی کە دەیان ساڵە بەڕێوبەرایەتییەکانی هەردوو حیزبەکەی بێزارکردووە .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×