ئەحمەدی حاجی رەشید: بەغدا ئامادەیە هەمو دۆسیەی نەوتی هەرێم بە تێچونەكانییەوە وەربگرێت
  2021-01-20       602       

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەغدا ئامادەیە هەمو دۆسیەی نەوتی هەرێم بە هەمو تێچونەكانییەوە وەربگرێت یاخود رازییە داهاتی 250 بەرمیل نەوتی رۆژانە بەنرخی سۆمۆ لە هەرێم وەربگرێت كە ئەو خاڵە بە بڕوای ئەو "جێبەجێكردنی زۆر قورسە."

ئاوێنە: ئەحمەدی حاجی رەشید، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، نوسیویەتی، ئەمڕۆ لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسی کۆمپانیای سۆمۆ و کادرە پێشکەوتوەکانی وەزارەتی نەوت کۆبونەتەوە كە بابەتی نەوتی هەرێم یەکێک بوە لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبونەوەکەکە.

بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە كۆبونەوەكەدا ئەوە خراوەتەڕو كە بەغدا ئامادەیە هەمو مەلەفی نەوتی هەرێم وەربگرێت بەهەمو تێچونەکانییەوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەر لە كۆبونەوەكەدا باس لەوەش كراوە كە ئەگەر هەرێمی كوردستان ئامادە نەبێت هەمو دۆسیەی نەوت رادەست بكات، ئەوا بەغدا رازییە كە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم وەربگرێت بەڵام بەو نرخەی كە سۆمۆ دەیفرۆشێت.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وایە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل بەو نرخەی كە سۆمۆ دەیفرۆشێت، چەند گرفتێكی هەیەو وتویەتی"هەرێم ئەگەر بەرمیلێک نەوت بدات بە (٥٠) دۆلار ئەوا ٥٥٪ی دەڕوات بۆ تێچوی و قازانجی کۆمپانیاکان، واتە هەرێم لەو بڕە تەنها 22 دۆلارو نیوی بۆ دەمێنێتەوەو 27 دلارو نیوی بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات."

هەروەك وتوشیەتی"بەدڵنیاییەوە نەوتی هەرێم بە 11 دۆلار کەمتر لەنەوتی عێراق دەفرۆشرێت، واتە هەرێم دەبێت ئەو (۱۱) دۆلارەش قەرەبو بکاتەوە جگە لەپشکی کۆمپانیاکان بۆیە ئەم خاڵە جێبەجێکردنی زۆر قورسە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "هەرێم لەبەرمیلێک ئەگەر 22 دۆلارو نیوی دەستبکەوێت ئەوا دەبێت خۆی 27 دۆلارو نیوی بخاتە سەر بەئیزافەی ئەو (۱۱) دۆلارەی کە بەکەمتر فۆشتویەتی."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"وادیارە قازانج سەری مایە دەخوات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×