كەشناسی هەرێم: ئەمشەو بارینی بەفرو باران بەردەوام دەبێت
  2021-01-20       730       

كەشناسی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بڕی باران بارینی 12 سەعاتی رابردوی ئەمڕۆدا لە چەند ناوچەیەكی باشوری كوردستان، پێشبینی خۆیشی بۆ كەشوهەوای ئەمشەوی هەرێمی كوردستان رایگەیاندو دەڵێت، پلەكانی گەرما لە سەنتەری شاری سلێمانی و دهۆك بۆ ژێر سفر دادەبەزن و شەختە دروست دەبێت.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بولەمەرزەزانی هەرێمی كوردستان، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ئەمشەو ئاسمانى هەرێم هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینى باران و بارینى بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان."

هەروەها پێشبینی كردوە "لەدوای نیوەشەو، ئاسمان لە باکور و ناوەڕاستى هەرێم بگۆڕێ بۆ نیمچەهەور، بەڵام لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵات و باکورى رۆژهەڵاتى هەرێم ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینى نمە باران و بارینى بەفر بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"نزمترین پلەکانى گەرما دادەبەزێت بۆ ژێر سفری سیلیزى لەسنتەرى شارى سلێمانى و دهۆک و لە ناوچە شاخاوییەکان دادەبەزێت بۆ چەندین پلەى ژێر سفرى سیلیزى."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "شەختە دروست دەبێت بەتایەت لەناوچە شاخاوییەكان" لەگەڵ دروستبونی تەمومژ لە هەندێ ناوچە.

هەروەها كەشناسی هەرێم، بڕی بارانبارینی ئەمڕۆی لەماوەی 12 سەعاتی رابردودا لە چەند ناوچەیەكی جیاجیای باشوری كوردستان خستۆتەڕو كە زۆترین باران لە پیرمام باریوەو بڕەكەی 18 ملم بوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×