كازمی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئەمنی لە پۆستەكانیان دوردەخاتەوە
  2021-01-21       559       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق چەندین بەرپرسی باڵای ئەمنیی لە پۆستەكانیان دورخستنەوەو وتەبێژەكەیشی ناوەكانیان ئاشكرادەكات.

ئاوێنە: لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، كەمێك لەمەوبەر، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، مستەفا كازمی كۆمەڵێك فەرمانی بۆ گۆڕینی فەرماندە باڵاكانی دەزگا ئەمنییەكان دەركردوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە گۆڕانكارییەكان پێكدێن لە:

یەكەم: دورخستنەوەی بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری، فەریق روكن عامر سەدام لە پۆستەكەی و راسپاردنی فەریق ئەحمەد ئەبو رەغیف بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

دوەم: دورخستنەوەی عەبدولكەریم عەبد فازڵ(ئەبو عەلی بەسری)، بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و دژایەتی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ(شانەی هەڵۆكان) لە پۆستەكەی و راسپاردنی جێگری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، حەمید شەتری بۆ وەرگرتنی ئەركی ئیدارەی (شانەی هەڵۆكان) و بەستنەوەی شانەكە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە.

سێیەم: گواستنەوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا فەریق قەیس مەحمەداوی بۆ وەزارەتی بەرگری و راسپاردنی لیوا روكن ئەحمەد سەلیم بۆ وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا.

چوارەم: دورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی فەریق روكن جەعفەر بەتات لە پۆستەكەی و راسپاردنی فەریق روكن رائید شاكر جەودەت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستی فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی.

پێنجەم: دورخستنەوەی بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری و ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لیوا باسم مەجید لە پۆستەكەی.

ئەو گۆڕانكارییانە دوای ئەوە دێن كە ئەمڕۆ دو تەقینەوەی خۆكوژی گۆڕەپانی تەیارانیان لە ناوەڕاستی بەغدا كردە ئامانج كە بەپێی قسەی وەزیری تەندروستی عێراق لە تەقینەوەكاندا، 32 كەس كوژراون و 110 كەسی دیكەش برینداربون.

لەدوای تەقینەوەكان مستەفا كازمی، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی كرد لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەكان لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×