لەماوەی یەك مانگی رابردودا پێنج هاوڵاتی كورد لە ئێران لە سێدارە دراون
  2021-01-22       573       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی یەك مانگی رابردودا دەیان پێشێلكاری بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان تۆماركراون و پێنج هاوڵاتی كورد لە بەندیخانەكانی ئێران لەسێدارەدراون.

ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، لە راپۆرتێكدا ئاماری پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ مانگی بەفرانبار(21/12/2020 تا 21/1/2021) خستۆتەڕو.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، لەماوەی ئەو مانگەدا لانیکەم ١٠٦ حاڵەتی پێشلکاریی بەرامبەربە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەماوەی ئەو مانگەدا، حەوت كۆڵبەرو كاسبكار گیانیان لەدەستداوە كە یەكێكیان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان و شەش كەسەكەی دیكەیان بەهۆی روداوی سروشتییەوە گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی راپۆرتەكە هەر لەماوەی یەك مانگی رابردودا، ١١ کۆڵبەر برینداربون کە هەشت حاڵەتییان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان بون و سێ کەسیشیان بەهۆی بەربونەوە لە هەڵدێر بریندار بون.

رێكخراوەكە ئاشكراشیكردوە كە هەر لەماوەی مانگی بەفرانباردا لانیكەم پێنج هاوڵاتی كورد لە بەندیخانەکانی سنە و یەزد لەسێدارە دراون كە هەر پێنجیان بەتۆمەتی كوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابو.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لەو مانگەدا دو بەندکراوی خەڵکی شابادو هەرسین لە بەندیخانەی خوڕەمئاواو کرماشان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

رێكخراوی هەنگاو بە پشتن بە ئامارەكانی خۆی، رایگەیاندوە، كە هەر لەماوەی یەك مانگی رابردودا، لانیکەم ٦٤ هاوڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەتۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی دەستبەسەرکراون کە دو کەسیان مێرمنداڵ بون.

هەروەك ئاشكراشیكردوە كە لەو ماوەیەدا ١٤ هاوڵاتیی کوردیش بەتۆمەتی چالاکی سیاسی، ئایینی و مەدەنی سەرجەمیان سزای ٤١ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

لە راپۆرتەكەی هەنگاودا ئەوەش هاتوە كە لەماوەی مانگی رابردودا، لانیکەم سێ کرێکاری خەڵکی شارەکانی مەریوان و قوروە لە کاتی کارکردن و بەهۆی روداوی کارەوە گیانییان لە دەست داوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×