"حكومەت بیەوێت 30 رۆژ جارێك موچە بدات، رێژەی لێبڕن زۆر زیاتر دەبێت لە لەسەدا 21"
  2021-01-22       606       

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت، ئەگەر حکومەتی هەرێم بیەوێت 30 ڕۆژ جارێك موچه‌ دابه‌ش بكات، ئەوا رێژه‌ی لێبڕینی موچە‌ له‌سه‌رو لەسەدا 21ەوە دەبێت و رێژەكە زۆر زیاتر دەبێت.

ئاوێنە: بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم دواییانە رایگەیاندوە كە دەیانەوێت بەپێی ئەو داهاتەی دێتە بەردەستیان، 30 رۆژ جارێك موچە دابەش بكەن. لەوبارەیەوە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، داهاتی ئێستای هه‌رێمی كوردستان خۆی ده‌دات له‌نزیكه‌ی 400-450 ملیۆن دۆلاری مانگانه‌ كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ زۆر زۆر كه‌مترە له‌و بڕە پارەیەی كه بۆ موچەی پێویستە.

وتوشیەتی"ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌و داهاته‌وه‌ كه ‌ئێستا له‌به‌رده‌ستیدایه‌، مه‌به‌ستی بێت 30 ڕۆژجارێك موچە دابه‌ش بكات بێگومان ڕێژه‌ی لێبڕینی موچە‌ زۆر زۆر به‌رزده‌بێته‌وه‌."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتوشیەتی"ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 30 رۆژ جارێك موچە دابەش ناكات كە بە لێبڕینی لەسەدا 21ەوە دەیدات، حكومەتی هەرێم چوار جار موچەی بە لێبڕینی لەسەدا 21 دابەش كردوە،‌ دوجاریان پشت ئه‌ستور به‌ 320 ملیاره‌كه‌ی به‌غداو دوجاریشیان ئه‌وه‌نده‌ دواكه‌وتوه‌ كه ‌داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان گه‌یاندۆته‌ نزیك له‌ 700 ملیۆن دۆلار ئینجا دابه‌شیان كردوه‌."

سەبارەت بەوەی كە بزوتنەوەی گۆڕانیش كە وەزارەتی دارایی و بەرپرسی چەند خاڵێكی سنوریی لایە، بەشدارە لە حكومەتدا بۆ ئەوان بەو جۆرە رەخنە لە حكومەت دەگرن لەبارەی بونی گەندەڵی و قاچاخچێتییەوە، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتویەتی"مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی و قاچاخچێتی و به‌هه‌ده‌ردان هی ئه‌و ساڵ و نیوه‌ نییه‌ كه‌ گۆڕان له‌حكومه‌تدا به‌شداره‌، ئه‌مه‌ درێژكراوه‌ی 29 ساڵ حكومڕانییه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كه ‌به‌داخه‌وه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌خراپترین ئیداره‌كان."

بەڵێن ئیسماعیل پێشی وایە ئەگەر هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی بەردەوام نەبن "بێگومان پێویست ده‌كات ستافی حكومه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ناو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕێكار و هه‌ڵوێستێكی تر بگرنه‌به‌ر بۆ داهاتو."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×