راوێژكارێكی بارزانی: توركیا بەنیازی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازییە لە شنگال
  2021-01-22       1457       

كیفاح مەحمود، راوێژكاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، رایگەیاند، توركیا بە نیازە بنكەیەكی سەربازی لە ناوچەی شنگال دروست بكات.

ئاوێنە: كیفاح مەحمود، راوێژكاری نوسینگەی راگەیاندنی مەسعود بارزانی، بە ئاژانسی سپوتنیكی روسی راگەیاند"ئەو زانیارییانەی كە لە ئیدارەی توركیاوە دزەیان كردوە، باس لەوە دەكەن كە ئەنقەرە بەنیازە بنكەیەكی سەربازی لە قەزای شنگال دروست بكات."

كیفاح مەحمود ئاماژەی بەوەداوە كە لەمیانی سەردانەكەی ئەم دواییەی وەزیری بەرگری توركیادا بۆ هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر هاریكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كراوەتەوە و توركیاش بە پێویستی زانیوە پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر بە گفتوگۆ چارەسەربكرێن و هەروەها جەختیان لە گرنگی چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكان لە پەیوەست بە بونی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە كردۆتەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە عێراق و هەرێم كاردەكەن لەسەر دۆسیەی پارتی كرێكارانی كوردستان بەتایبەت لە دوای رێككەوتنی شنگال و هەوڵی ئەوە دەدەن پەكەكە رازی بكەن لە خاكی عێراقەوە هیچ هێرشێك نەكاتە سەر توركیا یا ئەو ناوچانە چۆڵ بكات كە گەریلای لێیە.

راوێژكارەكەی مەسعود بارزانی جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەمەش ئەو شتەیە هەر سێ لایەنی بەغداو هەولێرو ئەنقەرە كاری لەسەر دەكەن، ئەو شتەیە لە دیدارەكانی ئەم دواییەدا رون بۆتەوە."

بەگوێرەی نەخشەیەکى سەربازى کە ساڵى رابردو سەرۆكایەتی توركیا بڵاویکردۆەوە، ئەو وڵاتە 37 بنكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستان هەیە.

توركیا لەماوەی ساڵانی رابردودا بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە دەبێت پەكەكە لە شنگال دەربكرێت ئەگەر نا خۆیان بەو كارە هەڵدەستن.

ساڵی رابردوش حكومەتی عێراق و هەرێم رێككەوتنێكیان لەبارەی شنگالەوە ئیمزاكرد كە بەپێی رێككەوتنەكە ئەمنییەتی قەزای شنگال لەدەست سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای ئاسایشی عێراقدا دەبێت، تاوەكو ئێستا هەندێك هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نراون.

رێككەوتنەكە ناڕەزایەتی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال(یەبەشە)ی نزیك لە پەكەكەی لێكەوتنەوە.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×