كازمی: رێگەنادەین جارێكی دیكە داعش دەستی بگاتە بەغدا
  2021-01-22       556       

مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، داعش رۆژانە هەوڵی گەیشتن بە بەغدا دەدات و هەوڵەكانی پوچەڵ كراونەتەوە، لەبارەی تەقینەوەكانی دوێنێی پایتەختیشەوە جەختی كردەوە كە رێگە بە دوبارەبونەوەی ئەو روداوانە نادەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ هەینی، مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی كردوە.

كازمی وتویەتی، ئاسایش بەرپرسیارێتییەو ژیان و ئاسایشی خەڵكی موجامەلەكردن نییە، ئەوەی ناتوانێت لە ئاست بەرپرسیارێتی پاراستنی هاوڵاتیاندا بێت، دەبێت دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت.

ئاماژەی بەوەشدا كە داعش رۆژانە هەوڵدەدات دەستی بە بەغدا بگات و ئەو هەوڵانە پوچەڵكراونەتەوە، بەڵام بەداخەوە دوێنێ توانی دەستی بگاتە بەغداو خوێنی بێتاوانان بڕژێت و جەختیشی كردەوە كە "رێگە بە دوبارەبونەوەی ئەو پێشێلە ئەمنیانە نادەین."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، دەزگا هەواڵگرییەكان ئاڵنگارییان تێدایەو دەبێت بەپەلە چارەسەربكرێن و خودی خۆم سەرپەرشتی ئەو بابەتە دەكەم.

شەوی رابردو، لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئاشكرایكرد، مستەفا كازمی كۆمەڵێك فەرمانی بۆ گۆڕینی فەرماندە باڵاكانی دەزگا ئەمنییەكان دەركردوە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق وتی، گۆڕانكارییەكان پێكدێن لە:

یەكەم: دورخستنەوەی بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری، فەریق روكن عامر سەدام لە پۆستەكەی و راسپاردنی فەریق ئەحمەد ئەبو رەغیف بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

دوەم: دورخستنەوەی عەبدولكەریم عەبد فازڵ(ئەبو عەلی بەسری)، بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و دژایەتی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ(شانەی هەڵۆكان) لە پۆستەكەی و راسپاردنی جێگری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، حەمید شەتری بۆ وەرگرتنی ئەركی ئیدارەی (شانەی هەڵۆكان) و بەستنەوەی شانەكە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە.

سێیەم: گواستنەوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا فەریق قەیس مەحمەداوی بۆ وەزارەتی بەرگری و راسپاردنی لیوا روكن ئەحمەد سەلیم بۆ وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا.

چوارەم: دورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی فەریق روكن جەعفەر بەتات لە پۆستەكەی و راسپاردنی فەریق روكن رائید شاكر جەودەت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستی فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی.

پێنجەم: دورخستنەوەی بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری و ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لیوا باسم مەجید لە پۆستەكەی.

ئەو گۆڕانكارییانە دوای ئەوە هاتن كە دوێنێ دو تەقینەوەی خۆكوژی گۆڕەپانی تەیارانیان لە ناوەڕاستی بەغدا كردە ئامانج كە بەپێی قسەی وەزیری تەندروستی عێراق لە تەقینەوەكاندا، 32 كەس كوژراون و 110 كەسی دیكەش برینداربون.

لەدوای تەقینەوەكان مستەفا كازمی، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی كرد لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەكان لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا.




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×