ئەردۆغان جارێكی دیكە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر شنگال دەكات
  2021-01-22       898       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ هەینی، جارێكی دیكە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر قەزای شنگالی كرد بۆ "دەركردنی پەكەكە" لەو قەزایەی سەر بە پارێزگای نەینەوا.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتێكی ئیستانبوڵ قسەی بۆ رۆژنامەنوسان كرد.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی توركی، ئەردۆغان لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی "دەركردنی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال" وتویەتی"من دەستەواژەیەكم هەیە كە بەردەوام دوبارەی دەكەمەوە: شەوێك لەناكاو دەدەین بەسەریاندا." ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر شنگال.

توركیا لەماوەی ساڵانی رابردودا لەزاری گەورە بەرپرسانی وڵاتەكەوە لەوانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە دەبێت پەكەكە لە شنگال دەربكرێت ئەگەر نا خۆیان بەو كارە هەڵدەستن.

رۆژی دوشەممەی رابردو وەزیری بەرگری توركیا سەردانی بەغداو هەولێری كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبوەوە كە بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكان بونی هێزەكانی پەكەكە لەنێو خاكی عێراق تەوەری سەرەكی دیدارەكانی بوە.

لەبارەی سەردانەكەی وەزیری بەرگری توركیاوە، خەبەر تورك، نوسیبوی كە دۆخی شنگال، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی بوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمدا.

خەبەر تورك، ئاماژەی بەوەدابو كە ئەنقەرە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق كردوە كە پێكەوە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لە دژی پەكەكە لە چیای شنگال بە پشتیوانی حكومەتی هەرێم ئەنجام بدەن.

پێشتر كیفاح مەحمود، راوێژكاری نوسینگەی راگەیاندنی مەسعود بارزانی، بە ئاژانسی سپوتنیكی روسی راگەیاندبو"ئەو زانیارییانەی كە لە ئیدارەی توركیاوە دزەیان كردوە، باس لەوە دەكەن كە ئەنقەرە بەنیازە بنكەیەكی سەربازی لە قەزای شنگال دروست بكات."

هەروەها كیفاح مەحمود، ئاماژەی بەوەدا بو لەمیانی سەردانەكەیدا ئەم دواییەی وەزیری بەرگری توركیادا بۆ هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر گرنگی چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكان لە پەیوەست بە بونی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لە عێراق كراوەتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە عێراق و هەرێم كاردەكەن لەسەر دۆسیەی پارتی كرێكارانی كوردستان بەتایبەت لە دوای رێككەوتنی شنگال و هەوڵی ئەوە دەدەن پەكەكە رازی بكەن لە خاكی عێراقەوە هیچ هێرشێك نەكاتە سەر توركیا یا ئەو ناوچانە چۆڵ بكات كە گەریلای لێیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×