فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی چەند ناوچەیەكی هەرێم دەكەن
  2021-01-22       596       

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی فڕۆکە جەنگییەكانی تورکیا کوێستانەکانی گوندی چیکان و گوندەژۆریان لە سنوری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران و گوندی گری-یان لە چەمانکێ بۆردومان کرد. لە گوندی دوەمیان دو هاوڵاتی مەدەنی برینداربون.

ئاوێنە: عەبدلوەهاب مەحمود، بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران بە روداوی راگەیاند"لەم وەرزەدا گوند و ناوچە کوێستانەکانی گوندەژۆر چۆڵن و بۆردومانەکە زیانی گیانیی نەبوە."

بەوتەی عەبدولوەهاب مەحمود، گوندەژۆر گوندێکە لە وەرزی بەهار و هاویندا ئاوەدان دەبێتەوە و لەم وەرزەی ساڵدا گوندنشین و مەڕدار و جوتیاری لێنییە.

بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران وتیشی"رۆژهەڵاتی گوندەکە کەوتوەتە بەر بۆردومانی فڕۆکەیەکی تورکیا و بە بیانوی بونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆردومانی دەکات."

بەوتەی هەریەکە لە بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران و عەبدوڵا حسێن، موختاری گوندی ئاڵانە، فڕۆکەکەی تورکیا لە گوندی بەردەڕوخاوی ئاڵانە بنکەیەکی پەکەکەی بۆردومان کردوە.

هاوکات لە گوندی چیکان لە بۆردومانەکەی فڕۆکەکەدا هۆڵێکی ئاژەڵ بەرکەوتوە کە نزیکەی 400 سەر مەڕی تێدا بوە.

ساڵانە گوندی گوندەژۆر چەندین جار لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە تۆپباران و بۆردومان دەکرێت، بیانوی هەردو وڵاتەکەش ئەوەیە کە پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەریلای پەکەکەی لێیە.

گوندەژۆر بە دوریی نزیکەی 15 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی قەزای چۆمان و نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە گوندی زێوەی پیرانشاری رۆژهەڵات دورە.

هەروەها لە گوندی گریی سەر بە شارۆچکەی چەمانکێی پارێزگای دھۆک بەھۆی بۆردومانی فڕۆکەی سوپای تورکیاوە دو کەسی مەدەنی بریندار بون.

محەممەد شێخزادە، هاوڵاتییەو وتی"کاژێر 14:30ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بنکەکانی پەکەکەیان بۆردومان کردوە. موشەکێک بەر نزیک ماڵی ئێمە کەوتوە و شوشەی پەنجەرەکان شكاون و دو برام بە ناوەکانی ساڵح تەمەن 10 ساڵ و ئیسلام تەمەن 15 ساڵ بەھۆی پارچە شوشەی پەنجەرەکانەوە بریندار بون."

ئەلەند ئەمیر، بەڕێوبەری ناحیەی چەمانکێ رایگەیاند"ئەو دو بریندارە گەیەنرانە نەخۆشخانەی چەمانکێ و کاری پێویستان بۆ دەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×