تویتەر هەژماری فەرمی عەلی خامنەیی ڕاده‌گرێت
  2021-01-22       566       
ئەو تویته‌ی‌ خامنەیی کە هەژمارەکەیی لەسەر ڕاگیرا
له‌به‌رامبه‌ر تویتێكی‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێز بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی‌ كوشتنی‌ قاسم سوله‌یمانی‌، تویتەر هەژماری فەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی ڕاگرت.

ئاوێنه‌: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمپانیای تویتەر هەژماری تایبەتی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانی ڕاگرت، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شەوی ڕابردو ماڵپەڕی "خامنەیی سایت" کە ماڵپەڕێکی تایبەت بەخامنەییە دەستەواژەی "رزگاربونی نییە لەتۆڵە، ئەو کەسەی قاسم سولەیمانی کوشت‌و ئەوەی فەرمانی بەکوشتنیدا" بڵاوکردەوە.

هاوکات، هەژمارێکی تویتەری پەیوەندیدارو نزیک لەخامنەییەوە هەمان دەستەواژەی بڵاوکردۆتەوەو وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی ئەمریکای لەگەڵ داناوه‌ کە سەرقاڵی یاری گۆڵفەو تیایدا سێبەری فڕۆکەیەک دەرکەوتووە.

رێبەری ئێران هەمان ئەو تویتەی لەرۆژی 2020/12/16 کردووە، بەڵام ئەمجارە وێنەکەی بۆ زیادکردووەو  نوسیویەتی، دەبێت تۆڵە لەبکوژی سولەیمانی‌و ئەو کەسەی فەرمانی کوشتنی سولەیمانی داوە بسەندرێتەوە، هەروەها نوسیویەتی هەرچەندە "شکۆی پێڵاوی سولەیمانی" بەرزترە لەبکوژەکەی، بەڵام دواجار ئەوان هەڵەیەکیان کردووەو دەبێت تۆڵەیان لێبکرێتەوە.

رۆژی 3ی کانونی دووەمی 2020 لەهێرشێکی فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا، هەریەکە لەقاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرانە ئامانج‌و کوژران.

پێشترو لە 9ی کانونی دووەمدا خامنەیی لەتویتێکیدا هاوردەکردنی ڤاکسینی فایزەری ئەمریکی‌و ئیسترازینکای بەریتانی بۆ ئێران قەدەغەکردو لەکاردانەوەشیدا تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەو تویتەی سڕییەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×