دو وەفدی حكومی‌و سیاسی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا ده‌كەن
  2021-01-22       755       
دو وەفدی حكومی‌و سیاسی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا ده‌كەن بۆ جێگیركردنی پشكی هەرێم لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق. بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراقیش ده‌ڵێت، ئەگەر لیژنەی‌ دارایی‌‌و وەفدی هەرێم بگەنە رێککەوتن، ئەوا بەشە بودجەی‌ هەرێم له‌ناو پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌دا لەئەنجومەنی‌ نوێنەران وەک خۆی‌ پەسەند دەکرێت.

ئاوێنه‌: بڕیارە سبه‌ی‌ شه‌ممه‌ دو وەفدی حكومی‌و سیاسی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن، بۆ جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق.

دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەینێ‌ وەفدی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، بەدوای ئەوەشدا وەفدێكی باڵای سیاسی كە نوێنەرایەتی پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان دەكات، بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دەچێتە بەغدا.  

پێشتریش مەسرور بارزانی‌، سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان دوای‌ کۆبونەوەی‌ لەگەڵ کونسوڵ‌و نوێنەری‌ وڵاتان لەهەرێم لەتویتێکدا رایگەیاند، وەفدی هەرێم بۆ گفتوگۆی‌ زیاتر دەگەڕێتەوە بەغدا.

وتیشی‌، "ئامانجمان ئەوەیە به‌شه‌ بودجه‌ی شایسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان و فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی مسۆگەر بکەین."

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لەئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق رایگەیاند، سبەی شەممە لیژنەی‌ دارایی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران لەگەڵ شاندی‌ حکومەتی‌ هەرێی‌ کوردستان کۆدەبێتەوەو بەردەوامی‌ بەگفتوگۆکان بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی‌ هەرێم لەبودجەی‌‌ 2021ی‌ عێراق دەدرێت.

وتیشی‌، ئەگەر لیژنەی‌ دارایی‌‌و وه‌فدی‌ هەرێم سبەی‌ بگەنە رێککەوتن، ئەوا ئەو بڕگەیەی‌ لەپڕۆژە یاسای‌ بودجەدا تایبەتە بەبەشە بودجەی‌ هەرێم، لەئەنجومەنی‌ نوێنەران وەک خۆی‌ پەسەند دەکرێت.

لەپڕۆژە یاسای‌ بودجەی‌ 2021ی‌ عێراقدا بەشە بودجەی‌ هەرێم بەرێژەی‌ له‌سه‌دا (12.67)ی‌ كۆی‌ بودجه‌ی‌ عێراق  دیاریکراوە، بەو مەرجەی‌ دەبێت هەرێمی کوردستان پابەندبێت بەناردنی‌ (250) هەزار بەرمیل نەوتی‌ رۆژانەو لە (50%) داهاتە نانەوتیەکانی‌ رادەستی‌ حکومەتی‌ عێراق بکات.

هاوكات رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن، لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لەسەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق بڵاویكردۆته‌وە، دیداری "وەفدە كوردییە" لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان‌و لیژنەكانی پەرلەمانی عێراق دەبێت، چونكە ناكۆكی لەنێوان حكومەتی هەرێم ‌و حكومەتی فیدراڵی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە نییە‌و پێشتر هەردولا لەسەری رێككەوتون، حكومەتی هەرێمیش بەئاشكرا ڕایگەیاندوە كە ئەوان ئەو پڕۆژەیاسایەیان قبوڵە كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە ئامادەكراوە.

هه‌روه‌ها خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا بەرۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، پێشتر حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان گەیشتونەتە رێككەوتن، ئەو وەفدەی دەچێتە بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی‌و لیژنە پەرلەمانییەكانی تری پەیوەست بەبودجەی ساڵی 2021 دیداری دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ پەرلەمانتاران‌و فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانی عێراق كۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی ڕاستیەكانی تایبەت بەبارودۆخی دارایی‌و پڕۆژەیاسای بودجە‌و پەیوەندی دارایی نێوان هەولێر‌و بەغدایان بۆ ڕونبكرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×