ئەمریكا 20 ملیۆن دۆلار بۆ لێكۆڵینەوە لەپاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدا تەرخان دەكات
  2021-01-23       374       

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نزیكەی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانی حكومەتی عێراق تەرخان كرد بەمەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەك لەپێناو پاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدا.

ئاوێنە: بەگوێرەی بەیاننامەیەكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، ئەو پشتیوانییە داراییە تەرخان كراوە بۆ تیمێكی ئەندازیارانی مەدەنی بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی چڕوپڕ لەسەر ئەو دەروازانەی ئێستای ناوچەی سەوز و دانانی پلان بۆ دەروازەی نوێ بۆ ناوچەی سەوز.

بەپێی بەیاننامەكە، ئەمڕۆ شەممە، عەمید جۆن تایكێرت، گەورە بەرپرسی كاروباری بەرگریی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا، راپۆرتی كۆتایی تیمی روپێوی لێكۆڵینەوەكەی پێشكەش بە لیوا روكن حامید مەهدی زوهەیری، فەرماندەی فیرقەی تایبەتی بەرپرس لە ئاسایشی ناوچەی سەوز كردوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئەو كارەی بە گرنگ ناوبردوەو رایگەیاندوە، كارەكە جەختكردنەوەیە لەسەر پڕۆژەی هاریكاریی ئێستای نێوان ئەمریكاو عێراق بۆ پتەوكردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزو پاراستنی بارەگای حكومەتی عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ناوچەی سەوز ناوبەناو بە موشەك دەكرێتە ئامانج بەتایبەت باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×