"وێڕای ئەو پشكەی لە عێراق وەریدەگرێت، حكومەتی هەرێم خۆشی ڤاكسین دەكڕێت"
  2021-01-23       493       

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، هەرێمی كوردستان پشكی دەبێت لەو ڤاكسینەی كە حكومەتی عێراق كڕیویەتی و دەڵێت، وێڕای ئەوە حكومەتی هەرێم خۆیشی ڤاكسین دەكڕێت.

ئاوێنە: د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت"حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی ڤاكسین لە گفتوگۆدایە، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی عێراق ئەوانیش ڤاكسینی كۆرۆنا بكڕن، بەڵام تاوەكو ئێستا یەكلانەبوەتەوە كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان چەند ڤاكسین دەكڕێت، چونكە ئەوە پێویستی بە رێككەوتن ھەیە، بەڵام حكومەتی ھەرێمیش ئامادەیی نیشان داوە كە ڤاكسین بكڕێت و چەندین كۆبونەوەش كراوە و نوێنەری ھەمو پارێزگاكانیشی تێدایە، هەروەها وەزارەتی تەندروستی راسپێردراوە بەو كارە ھەڵسێت و ئەوان گفتوگۆكان بكەن."

ناوبراو وتیشی، حكومەتی عێراق گرێبەستی بۆ كڕینی ملیۆنێك و٦٠٠ھەزار ڤاكسین كردوە و رێكارەكان تەواو بون و بڕیارە لە كۆتایی مانگی داھاتودا، ڤاكسینەكە بگاتە عێراق بۆ ئەوەی بەكاری بھێنن، بۆ ئەو مەبەستەش ھەمو ئامادەكارییەك كراوە.

د. دلۆڤان باسی لەوەش كرد"لەو ڤاكسینەی حكومەتی عێراقیش كڕیویەتی، پشكی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایەو ئێمەش چەندین تیممان ئامادە كردوە، بۆ ئەوەی كە گەیشت دەست بە بەكارھێنانی بكەین."

وتیشی"سەرەتا لە پزیشك و كارمەندی تەندروستی و دواتر ھێزی ئەمنی و پاشان كەسانی بەتەمەن و نەخۆشی درێژخایەن دەست پێدەكەین، ئینجا خەڵكی ئاسایی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×