محمەدى حاجى مەحمود: ئەگەر نەبەردییەکانى سولەیمانى نەبوایە دیمەشق و بەغداش لەدەستى داعشدا دەبوو
  2021-01-23       2029       

لە وەڵامى کاردانەوەکانى بەرپرسانى پارتى لەدواى فیلمى "توکل" میدیایەکى سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێران لێدوانێکى محمەدى حاجى مەحمود بەکار دەهێنێت کە ڕایگەیاندووە، ئەگەر نەبەردییەکانى سولەیمانى نەبوایە دیمەشق و بەغداش لەدەستى داعشدا دەبوو.  

ئاوێنه‌: ئاژانسى هەواڵى تەسنیمى ئێرانى کە میدیاى سوپاى پاسدارانى ئێرانیە (شەممە 23ی کانوونی دووەمی 2021) لێدوانێکى محمەدى حاجى مەحمود، سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکرات کوردستانى لەسەر ڕۆڵى قاسمى سولەیمانى  بۆ بەرگریکردن لەشارى هەولێر لە کاتى مەترسییەکانى داعش بۆ سەر شارەکە بڵاوکردەوە.  

محمەدى حاجى مەحمود کە لەمیانەى بەشداریکردنى لە بۆنەیەکى ئێراندا لەیادى شەڕى هەشت ساڵەى ئێران عێراقدا بە ئاژانسەکەى ڕاگەیاندووە، قاسمى سولەیمانى ڕۆڵێکى گرنگى هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەى داعش لەعێراق و سوریا و ئامادەبوونى ئەو لە شەڕەکاندا واى کرد بەرگریکردن بەرامبەر داعش ببێتە جەماوەرى و ئەوەش بووە هۆکارى شکستهێنانى داعش.  

سکرتێرى گشتى حزبى سۆسیالیست جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، ئەگەر نەبەردییەکانى قاسمى سولەیمانى نەبوایە ئەوا دیمەشق و بەغداش دەکەونە ژێر دەستى داعش.  

بڵاوکردنەوەى لێدوانەکەى سکرتێرى گشتى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان لە کاتێکدایە، بەرهەمهێنانى فیلمێکى ئێرانى بەناوى (توکل) کە باس لەپەنابردنى مەسعود بارزانى بۆ قاسم سولەیمانى دەکات بۆ پاراستنى شارى هەولێر لەمەترسى هەڕەشەکانى داعشدا، کاردانەوەى توندى ژمارەیەک لە میدیا و بەرپرسانى پارتى بەدواى خۆیدا هێناوە و ئەو لایەنانەى پارتى ڕەتیدەکەنەوە قاسمى سولەیمانى ڕۆڵى لەوە هەبوبێت داعش هەولێرى داگیر نەکردبێت.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×