’’بەرپرسێکی باڵا بۆ خۆدزینەوە لە پرساندنی پەرلەمان خۆی کردووە بە توشبووی کۆرۆنا’’
  2021-01-23       706       

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ڕاست و دروستی ئەو بەڵگەنامە بزیشکییە دەکەن کە لەسەر باری تەندروستیی سەرۆکی پێشووی دەستەی زانیاری و پەیوەندییەکان وەریگرتووە، ئەوەش لەدوای ئەوەی دەوترێت، بۆ خۆدزینەوە لە پرساندن خۆی کردووە بە توشبووی کۆرۆنا.   

ئاوێنه‌:  سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی عێراق پێشتر ئاماژەی بەوەکردبوو، عەلی خووەیلیدی، سەرۆکی پێشووی دەستەی زانیاری و پەیوندییەکان، لەبری خۆی کەسێکی  توشبووی بەڤایرۆسی کۆرۆنا ناردووە بۆ پشکنین بۆئەوەی لە پڕۆسەی لێپرسینەوەی لە پەرلەمان  خۆی بدزێتەوە و بە پشکنینی ساختە خۆی بە توشبووی کۆرۆنا لە قەڵەم داوە.   

لەوبارەیەوە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان (شەممە 23ی کانوونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، " وەزارەتی تەندروستی بە بەرپرس دادەنێت و ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتەبەر لەبارەی هەر بەڵگەنامەیەکی نادروست و لەبەردەم  پەرلەماندا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".    

ئەوەش خراوەتەڕوو، "سەرۆکی پەرلەمان، وەزارەتی تەندروستی ئاراستەکردووە بۆ ناردنی تیمێکی تەندروستی بۆ پشتڕاستکردنەوەی دۆخی تەندروستیی عەلی خووەیلیدی، سەرۆکی پێشووی  دەستەی زانیاری و پەیوەندییەکان، بۆ ئەوەی بزانرێت ناوبراو توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە یان نا".  

ئاماژە بەوەشکراوە،" ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی ئاگادار کراونەتەوە کە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەبێت پڕۆسەی  پرساندنی ناوبراو دیاریبکرێت، بە ئامادەبوونی یان بە بەبێ ئامادەبوونی".  

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیلەوەشکردووەتەوە، " دەبێت لەماوەی 48 کاتژمیردا لێکۆڵێنەوە لە ڕاست و دروستی ئەو بەڵگە پزیشکییە بکرێت و پەرلەمانتار علا ڕوبەیعی کە داوای لێپرسینەوەی خووەیلیدی کردووە ئاگاداربکرێتەوە".  
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×