دوو کچی ئێزدی دوای حەوت ساڵ لە دەستی داعش رزگارکران
  2021-01-24       435       
دوو کچی دیکەی ئێزدی کە دانیشتووی قەزای شنگالن دوای نزیکەی حەوت ساڵ لەرفاندنیان لەلایەن رێکخراوی داعشەوە لەقەزاکە، ئەمڕۆ یەکشەممە لەرۆژئاوای کوردستان رزگارکران و بەمەبەستی گەڕانەوەشیان بۆ لای کەسوکاریان رادەستی ماڵی ئێزدیان دەکرێنەوە.

ئاوێنە: ئەو دوو کچەی رزگارکراون هەردووکیان دانیشتووی شنگالن و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانەوە رزگارکراون، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانیش رادەستی ماڵی ئێزدیان دەکرێنەوە.

21ی ئەم مانگەش کچێکی ڕفێندراوی ئێزدی بەناوی نەجلا سەعید ئیسماعیل، دوای حەوت ساڵ لەرفاندنی لەلایەن رێکخراوی داعش لەقەزای شەنگال، لە کەمپی ھۆڵ لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دۆزرایەوە.

دوای ئەوەی ساڵی‌ 2014 داعش هێرشیکردەسەر قەزای شەنگال 6417 ئێزدی ڕفێندران، لەو ژمارەیەش زیاتر لە سێ ھەزار کەس ئازادکراون و چارەنووسی زیاتر لە دوو ھەزاری رفێنراوی دیکەی دەستی داعش نادیارە .

كەیسی بەجینۆسایدناساندنی ئێزیدییەكان، لەڕووی سیاسییەوە جگە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و عیراق، لەلایەن پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، كۆنگرێسی ئەمریكا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو چەندان وڵاتی دیكەوە ناسێندراوە، بەڵام تائێستا هیچ سكاڵایەكی فەرمی لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو دۆسیەیە تۆمارنەكراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×