ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆشداریدەدات لەبارەی هەوڵی گۆڕینی پڕۆژەیەك بۆ عەلوە
  2021-01-24       1233       

لیژنەی پلان و پڕۆژەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هەمو رێكارێكی یاسایی دەگرنەبەر بەرامبەر بە نیازی گۆڕینی پڕۆژەیەكی كۆگای ساردكەرەوەی سەوزەو میوە لە شارەكە بۆ عەلوە.

ئاوێنە: رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بانگهێشتی ( بەڕێوەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی)یان كردوە بۆ کۆبونەوەی لیژنەی پلان و پڕۆژەکانی ئەنجومەن، سەبارەت بە وەرگرتنی ڕاوسەرنجیان لەسەر دروستکردنی پڕۆژەی "کۆمەڵگای گەنجینەی ئاسایی و ساردکەرەوەی سەوزەو میوەی هوانە."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتویەتی"ئەوەی جێگای سەرنجە هیچ فەرمانگەیەکی حکومی ڕەزامەند نییە ئەم پڕۆژەیە بکرێتە عەلوەو هەروەها مۆڵەتی تەنها بە ناوی گەنجینە وەرگرتوە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار ئەیەوێت پڕۆژەکە بگۆڕێت و بیکاتە عەلوەو تەنانەت بەڕادەکان و قاتعەکانی ناویشی هەموی فرۆشتوە."

ئەوەشی وتوە"هەروەها هیچ مەرجێک و ڕێنماییەکی تێدا نییە بکرێتە عەلوە لەکاتێکدا عەلوەیەکی دیکە لەتەنیشتیەوە هەیەو دروستکراوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "لیژنەکەمان بڕیاریداوە هەمو ڕێکارێکی ئیداری و یاسایی بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی جەدوای پڕۆژەکە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×