2021-01-25   371     
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی لە ھەرێمی کوردستان فاکتەری بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکە و یەکێتی بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان دیالۆگی نیشتمانیی بە پێویست دەزانێت.
ئاوێنه: بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دوشەممە لە دەباشان لەگەڵ ئاشلى دوریک، لێپرسراوی نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، جەخت لە فراوانکردنی ھاریکاری و ھاوکارییەکانی کەنەدا دەکەنەوە بەتایبەت لە خستنەگەڕی زیاتری ھەوڵەکانیان بۆ مەشقپێکردنی ھێزی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان لەچوارچێوەی پشتیوانییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر.
ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێتی بنیادنانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان ھێزەکانی ھەرێم و عێراق بە پێویست دەزانێت و داوا دەکەن نوێنەری وڵاتان پشتگیری ئەم ھەوڵانە بکەن و ھاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. هەروەها ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی لە ھەرێم بە فاکتەری بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک دەبینن.
سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی عێراقیش بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەکردوە، یەکێتی پشتیوانی لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دەکات و " دەمانەوێت لە ناوچە دابڕێندراوەکان وەک کورد بە یەکدەنگی و یەکھەڵوێستی بەشداریبکەین و یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین".