جەبار یاوەر: نابێت هێزی حیزبی بمێنێت، ئەمەش مەبەستی هاوپەیمانانە
  2021-01-25       553       

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی هاوپەیمان، بەتایبەت (ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا) لەگەڵ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، بۆ کارکردن لەسەر 26 خاڵی تایبەت بە چاکسازی، یەکێک لە بابەتە بنەڕەتیەکان مەسەلەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە.

ئاوێنە: فەریق جەبار یاوەر بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای وتوە"یاسای چاکسازی ژمارە 2 ی ساڵی 2020 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، یەکێک لە مادەکانی پەیوەستە بە یەکخستنی هەمو هێزی پێشمەرگەو هەمو بوارەکانی پەیوەندیدار بە یەکخستنی پێشمەرگە، وەکو دۆسیە، خانەنشینی، کەمئەندام و یەکەی ژمێریاری، ئێمە پابەندین بەو یاسایەو لیژنەمان بۆ پێکهێناوە، خەریکی دانانی میکانیزمین بۆ جێبەجێکردنی."

بەهاندانی هێزەکانی هاوپەیمانان، تا ئێستا 14ی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە یەکخراونەتەوە، لە بارەی هۆکاری گرنگیدانی هاوپەیمانان و فشارکردنیان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، جەبار یاوەر ڕونیکردەوە لەهەمو وڵاتاندا، هێز دەبێت بەدەست حکومەتەوە بێت، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش، دەبێت لەچوارچێوەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمدا بن، هێز دەبێت هی خەڵک بێت، نابێت هێزی حیزبی بمێنێت، ئەمە مەبەستی هاوپەیمانانە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، دوای نیگەرانبونی هاوپەیمانان لە لێبڕینی موچەی هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە، کە ئەوان مانگانە بودجەکەی دابین دەکەن، بڕیاردراوە میکانیزمی دابەشکردنی موچەی ئەو هێزانە بگۆڕدرێت. لەو بارەیەوە جەبار یاوەر وتی"لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا، ئەوە هاتوە، کە موچەی مانگانە نابێت بەدەستی بدرێت، بەڵکو لە رێگەی بانکەوە بێت، وەزارەتی پێشمەرگە ئەم پلانەی داناوە، وردە وردە موچەی لیواکانی پێشمەرگە دەبێتە سیستمی بانکی، ئەمە تەنها داواکاری هاوپەیمانان نەبوە، بەڵکو بەرنامەی سەرەکی حکومەتیش بوە، بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی هەمو کاروبارەکان، لەوانە کاروباری وەزارەتی پێشمەرگەش."

فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی ئەگەری تواندنەوەی هێزەکانی 80 ی پارتی و 70ی یەکێتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنیان، وتی"لە یاسای چاکسازیدا کە بۆ ئێمە نێردراوە، پێنج بابەتی پەیوەندیداری بە یەکخستنی هەمو هێزەکانی پێشمەرگەو کاروبارەکانیان تێدایە، جگە لەوەش، هاوپەیمانان و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگەش، پرۆژەیان هەیەو ئیش لەسەر چاکسازی دەکەن."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×