خالید شوانی: هەرێم یەك ملیۆن 230 هەزار موچەخۆری هەیە بەڵام عێراق 10 ملیۆن موچەخۆری هەیە
  2021-01-25       1742       

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا، رایگەیاند، سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە یەك ملیۆن و 230 هەزارن لەسەدا 12ی كۆی موچەخۆرانی عێراق پێكدەهێنن كە لە عێراق نزیكەی 10 ملیۆن كەس موچە لە حكومەت وەردەگرن. دەشڵێت، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە 750 هەزار كەس تێپەڕناكات.

ئاوێنە: خالید شوانی، ئەمشەو دوشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی "شەرقیە"دا، رایگەیاند"تێگەیشتنێكی هەڵە هەیە گوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 230 هەزار فەرمانبەری هەیە، بێگومان ئەمە زانیارییەكی ورد نییە، بەڵكو ئەم ژمارەیە، ژمارەی هەمو ئەو كەسانەیە كە موچە، یا مینحە یاخود هاوكارییەك لە حكومەت وەردەگرن."

وتیشی"فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی لە هەرێم، لە 750 هەزار كەس تێپەڕناكەن، ئەوانی دیكە پێكدێن لەو كەسانەی موچەیان دەدرێتێ لەچوارچێوەی چاودێری كۆمەڵایەتی، خانەنشینان، شەهیدان و ئەنفالكراوان و هتد، كە ئەمانە فەرمانبەر نین، وەك ئەوەی لە بەغدا دامەزراوەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، چاودێری كۆمەڵایەتی و ئەوانە هەن. كۆی ئەمانە لە خەزێنەی گشتی دەوڵەت پارە دەبەن، لای ئێمەش بەمجۆرەیە."

سەبارەت بەوەی كە دەوترێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ موچە دەڕوات لە هەرێمی كوردستان زۆرە، خالید شوانی ئاشكرایكرد"دوێنێ لە دیدارماندا لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وتیان كە بەپێی بەدواداچونی ئێمە 10 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی موچە یان دەرماڵەیەكی دارایی لە بودجەی دەوڵەت وەردەگرن لەحكومەتی فیدراڵ. ئەگەر ئەمە بەراوردبكەین بەوەی هەرێم كە یەك ملیۆن 230 هەزار موچەخۆر پارە لە حكومەت وەردەگرن، ئەوە لەسەدا 10 بۆ 12ی ئەو كەسانەن كە لە گشت عێراق موچە وەردەگرن. بۆیە هەرێمی كوردستان سنوری خۆی تێنەپەڕاندوە."

وێڕای ئەوە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا، وتی"لەگەڵ ئەوەش ئەو دۆخەی لە بەغدا هەیەو ئەو دۆخەش كە لە هەرێمی كوردستان هەیە ناتەندروستە كە ئەو بڕە بێشومارەی فەرمانبەرمان هەیە."

سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیش كە ئێستا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، خالید شوانی رەتیكردەوە كە دەقەكانی پڕۆژە یاساكە كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە لە بەرژەوەندی هەرێمەكەدا بن و وتی"بەپێچەوانە پڕۆژە یاسای بودجە ئیلتیزاماتی توند دەخاتە سەر هەرێمی كوردستان."

لە  بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە "تێكڕای بەرهەمی نەوتی هەرێم 450 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە كە نزیكەی 430 هەزار بەرمیلی هەناردە دەكرێت و ئەویدیكەی بۆ پێداویستی ناوخۆیە."

شوانی ئاماژەی بەوەشدا كە چۆن حكومەتی عێراق و كەسانی دیكە هەرێم تۆمەتبار دەكەن كە لەماوەی ساڵانی رابردودا، هەرێمی كوردستان قەرزێكی زۆری حكومەتی عێراقیش دەكەوێتە ئەستۆ، حكومەتی هەرێمیش پێی وایە، حكومەتی فیدراڵ قەرزاری هەرێمی كوردستان، بەڵام وتیشی"تەندروسترین رێگا بۆ چارەسەركردنی ئەمە، پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشە لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، كە وردبینی بكەن لە خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو شایستە داراییانەی هەرێم كە دەبو بەغدا دابینیان بكات لەماوەی ساڵانی رابردوداو هەروەها وردبینیكردنی داهاتی هەرێم لەماوەی ئەو ساڵانەدا، بەمجۆرە رەنگە ئەم پرسە چارەسەر بكرێت."

جەختیشی كردەوە "هەرچییەك لەوەدا بكەوێتە سەر ئێمە وەك هەرێم ئامادەین مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و پابەندبین پێوەی، بەڵام هەرچییەكیش كەوتە سەر حكومەتی فیدراڵ دەبێت پابەندبێت پێوەی."

هەروەها وتیشی"بۆیە بە بڕوای ئێمە ئەم كێشەیە دەبێت لە سیاقە سیاسییەكەی بهێنرێتە دەرەوە بۆ ئەوەی نەبێتە وەرەقەیەكی موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن."

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا خالید شوانی، هێمای بۆ ئەوە كرد كە گفتوگۆكانیان لەبەغدا لەسەر ئاستی تەكنیكی و سیاسی بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێككەوتن و وتیشی"گەشبینم بە گفتوگۆكانمان و ئێمە دەمانەوێت رێكبكەوین و هاتوین بۆ رێككەوتن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×